بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات: ڕێژیم ئامادەیە زۆر زەخت قەبووڵ بکات، بەڵام ئامادە نییە کردارەکانی سپا سنووردار بکات

15:05 - 27 رەزبەر 2717

 

ئاژانسی کوردپا: حەتووی ڕابردوو، دانڵد ترامپ سیاسەتی نوێی ئامریکای لە هەمبەر ئێران خستەڕوو.
دانڵد ترامپ لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو سیاسەتە نوێییەدا، وتی: \"سیاسەتی ئێمە بەپێی پێوانییەکی ڕوون لە دیکتاتۆری ئێران، پشتیوانیی لە تێرۆریزم و شەڕئەنگێزی درێژەماوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهان دایە.

ئێران لە ژێر کونتڕۆڵی ڕێژێمێکی دمارگرژە کە دەسەڵاتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دەستەوە گرتووە و خەڵکێکی پڕ لە شانازی ناچار بە فەرمان بردن لە دەسەڵاتەکەی کردووە.

هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە: \"لە دەستپێکی هاتنە سەرکاری ڕێژێمی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە لایەن لاینگەرانی حکوومەتی ئێران بە شێوە نایاسایی باڵوێزخانەی ئامریکا لە شاری تاران داگیر کرد و زیاتر لە ٦٠ ئامریکای بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ قەیرانیی بە بارمتە گرتبوو.

ترامپ درێژەی دا و وتی: \"من بە وەرزارەتی خزێنەداری ئامریکا ئیزن دەدەم هەتا هەموو سپای پاسدران ئینقلابی ئیسلامیی ئێران و هەروەها بەرپرسان و نوێنەران و دەستوپێوەندییەکانی ئەو دەزگا سەرکوتکەرە، بە هۆی پشتیوانیی لە تێرۆرریزم گەمارۆ بخرێتە سەریان\".

هەروەها لە سەر بڕیاری سەرکۆماری ئامریکا، ستراتیژی نوێی وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای لە سەر کۆتایی هێنان بە تەشنەی تێکدەرانی حکوومەتی ئێران و بەربەست دروست کردن بۆ پشتیوانیی لە تیرۆریزم و میلیشا نیزامییەکانی سەر بە ئێران ڕوون کردەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو پێوەندییەدا، بە مەبەستی زیاتر ڕوونتر بوونەوەی سیاسەتی ئامریکا لە هەمبەر ئێران، وتووێژێک لەگەڵ لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و شارەزای بواری نیزامیی، پێک هێناوە.

ستراتیژی نوێی ئامریکا لە سەر سپای پاسداران چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

لوقمان ئەحمەدی: ئامانجی ئەسڵی ئەم ستراتیژییە گەڕاندنەوەی پارسەنگی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەویش لە ڕێگای پتەوکردنی پێوەندی ئامریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کشانەوەی ئامریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ و ڕێککەوتنی ناوکیی بووە هۆی ئەوەی کە پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی ئێران بشکێتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئامانجی ئەم ستراتژییە، داشکاندنی نفوزیی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

گەمارۆوەکان لەسەر سپای پاسداران، چ مەبەستێکیان لە پشتە و چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

لوقمان ئەحمەدی: ئەگەر ڕابردوو بکەین بە بنەما، ئەوا دەتوانین پێشبینی بکەین کە سەپاندنی گەمارۆ بە سەر کۆماری ئیسلامیدا، هەر چەند توندیش بێ، بە تەنیا ناتوانێ ڕێگری بکات لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی.

لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، سپای پاسداران گرینگترین دامەزراوەیە هەم لە ئاست نێوخۆییدا و هەمیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. ڕێژیم ئامادەیە زۆر زەخت قەبووڵ بکات، بەڵام ئامادە نییە کردارەکانی سپا سنووردار بکات.

لەم پێوەندییەدا دەبێ ستراتیژی تازەی ئیدارەی ترامپ لە هەمبەر ئێران و ڕێککەوتنی ناوکیی لە بەرچاو بگرین. سەپاندنی گەمارۆ بەسەر سپای پاسداران پەیوەندی بە ڕێکەوتنی ناوکییەوە هەیە.

لە لایەک، ئیدارەی ترامپ دەیەوێ بەرەوڕوویی کۆی ئەو مەترسیانە بێتەوە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن؛ یەکێک لەو مەترسیانە، سیاسەتە تیرۆریستیی و ناسەقامگیرە پێکهێنەرەکانی کۆماری ئیسلامییە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ترامپ دەیەوێ بە سەپاندنی گەمارۆ بە سەر سپادا، فشار بێنێ بۆ کۆماری ئیسلامی تاکوو ئامادە بێ ئاڵوگۆڕ لە نێوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەدا قەبووڵ بکات.

ئەو کاریگەرییە درێژخایەن دەبێت یان کورتخایەن؟

لوقمان ئەحمەدی: پێوەندی بەوە هەیە کە ئێران چە ڕادەیەک درێژە بە کردارەکانی لە ناوچەکەدا و ئامریکا تا چە ڕادەیەک وەکوو مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەبینێ.

ئێران لە دە ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە، کە هیچ سنوورێک نابەزێنێ کە ئەوەندە حەساس بێ بۆ ئامریکا کە وا بکات کە مانەوەی ڕێژیمی ئێران بکەوێتە خەتەرەوە.

ئەگەر هێڵە سوورەکانی ئامریکاش ببەزێنێ، لە ڕێگای ئەو گرووپانەوە دەیکات کە بە وەکالەت کار بۆ ئێران دەکەن.

‎بۆچی ئامریکا لەو سیاسەتەی کە لە پێشی گرتووە ناگاتە ئامانج و کۆماری ئیسلامیی زیاتر پەل دەهاوێژێ؟

گرفتی سەرەکی ئامریکا پێوەندی هەم بە فاکتەری نێوخۆی و هەمیش بە فاکتەری دەرەکییەوە هەیە.

لە ئاست سیاسەتی نێوخۆی ئامریکا، نەبوونی پشتیوانیی ڕای گشتی و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیدی لەگەڵ ئێراندا ڕێگری لەوە دەکات کە ئامریکا بتوانێ هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی یان ڕێژیم بگۆڕێ.

لە ئاست پێوەندی نێودەوڵەتی پشتیوانی پێویست نییە بۆ ئەوە ڕووبەڕووی ئێران ببن و هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی بدا.

خاڵی لاوازی ڕێژیم دوو شتە، یەکەم ئەوەیە کە ئێران ناتوانێ بەرگری لە هێرشێکی دەرەکی لە لایەن ئامریکاوە بکا و بە هۆی فاکتەرە ناوخۆی و دەرەکییەکان کە پێشتر باسم کرد هێرشی نیزامیی بۆ سەر ئێران ئیمکانی یەکجار کەمە.

خاڵی دیکە پێوەندی بە هەلومەرجی ناوخۆی ئێرانە و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن و خەباتی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانەوە هەیە. ئامریکا تا ئێستە نەیتوانیوە سیاسەتێکی ڕوونی لەم بوارەدا دابڕژێ و تا ئێستا ئامادە نەبووە پشتیوانیی خەباتی دژی ڕێژیم بکات.

ئەگەر ئامریکا بیهەوێ درێژخایەن پاوانخوازیی کۆماری ئیسلامیی دابشکێنێ، دەبێ سیاسەتی ڕوونی هەبێ لەسەر ئەم دوو خاڵە.