بەرپرسی لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە لەگەڵ ئازادکردنی زارا محەممەدی دژایەتی کرد

10:51 - 6 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە وەرگرتنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتیی "نۆژین" خۆی بوارد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادوەر "شاهگڵدی" بەرپرسی لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە لەگەڵ ئازادی کاتیی "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتیی "نۆژین" دژایەتی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بۆ ئازادکردنی "زارا محەممەدی" بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنییان داوا کردبوو و بنەماڵەی محەممەدی ئەو بارمتە دیاری کراوەیان دابین کردبوو، بەڵام بەرپرسی لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە وەرگرتنی ئەو بارمتەیە خۆی دەبوێرێ.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوەکانی "زارا محەممەدی" تەواو بووە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

ماڵپەڕەکانی نزیک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تۆمەتی "ئەندامییەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"یان داوەتە پاڵ "زارا محەممەدی"، بەڵام بە وتەی پارێزەرەکانی ناوبراو، لە دۆسییەی "زارا محەممەدی"دا هیچ هۆکارێک یان بەڵگەیەک کە بتوانێ ئەو تۆمەتە پشتڕاست بکاتەوە بوونی نییە.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مێنبەری و ڕێبوار مێنبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.