بەرپرسی ستادی زیندوو کردنەوەی گۆلی ورمێ: ئێمە بۆخۆمان گۆلی ورمێ‌مان وشک کرد + وێنــــه

14:44 - 29 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان، کە لە بەرەبەری وشکبونی گۆلی ورمێ بەرپرسانی حکوومەتی تەنیا لە قاڵبی وادە و بەڵێنیی رزگارکردنی ئەو گۆلەدا کۆنگرە و کۆنفڕانس بەڕێوە دەبەن و باس لە خەسارەکانی پاش وشکبوونی ئەو گۆلە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رێبەندان و لە بەرە بەری وشکبوونی گۆلی ورمێ‌سی و دووەمین دانیشتنی \"کۆنگرەی نێونەتەوەیی زانستیی زەوی بۆ رزگارکردنی گۆلی ورمێ\" سەبارەت بە رزگار کردنی ئەو گۆلە دەستی پێکرد و هەتا رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیە بەردەوام دەبێت.

\"18399.jpg\"
عیسا کەڵانتەری، بەرپرسی ستادی زیندوو کردنەوەی گۆلی ورمێ
بەرپرسی ستادی زیندوو کردنەوەی گۆلی ورمێ لەو \"کۆنگرە\"یەدا رایگەیاندووە؛ \"زیادەڕۆیی ئێمە بۆتە هۆی وشکبوونی گۆلی ورمێ و هیچ پێویست ناکات، خەتای ئەم وشکبوونە بۆ هۆکارە سرووشتییەکان بگەڕێنینەوە\".

عیسا کەڵانتەری باسی لەوەش کردووە؛ حەسەن رۆحانی بەڵێنیی ئەوەی دابوو، کە بەبێ ئەوەی تێچووی رزگار کردنی گۆلی ورمێ لەبەر چاو بگرێت، یەکەمین بەرنامەی دەوڵەتەکەی رزگار کردنی گۆلی ورمێ دەبێت\".

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە، هەتا ئێستاش بە کردەوە هیچ هەنگاویک بۆ رزگارکردنی ئەو گۆلە هەڵنەهێندراوەتەوە و هاوکات بە بڕاوی هاووڵاتییانیش، بەرپرسانی حکوومەتی تەنیا لە چوارچێوەی کۆنفڕانس وسمیناردا باس لە رزگار کردنی ئەو گۆلە دەکەن.

\"18401.jpg\"
بەرپرسی زانکۆی ورمێ
بەرپرسی زانکۆی ورمێ لەو \"کۆنگرە\"یەدا رایگەیاندووە؛ ئێمە بەهۆی مەترسیی سێلاو، بەنداومان لەسەر ئەو گۆلە دروست کردووە، ئەوەش لە حاڵێک دایە، کە کارناسانی ژینگە هۆکاری وشکبوونی ئەو گۆلە بۆ بەستنی بەنداو و لیدانی چاڵاو و هەڵێنجانی لە ڕادەبەدەری ئاو دەگەڕێننەوە.

وشکبوونی گۆلی ورمێ، ئاوارە بوونی ٥ ملیۆن کەسی لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە دواوە دەبێت و سەرەڕای بوونی ئەو مەترسییە، هەتا ئێستا، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو گۆلە ٨٥%ی وشکبووە، هیچ هەنگاوێک بۆ رزگارکردنی هەڵنەهێندراوەتەوە.

هاوکات قوربانعەلی سەعادەت ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا ئاماژەی بەوە کردووە، سەبارەت بە ناسینی گۆلی ورمێ تووشی کێشە و گرفت بووین و پاش تێپەڕینی چەندین ساڵ، تازە کەوتووینەتە بیری رزگار کردنی ئەو گۆلە.

\"18404.jpg\"
قوربانعەلی سەعادەت ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا
وتەکانی ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا لە کاتێک دایە، کە ساڵی ١٣٨٩ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئازەریی شاری تەورێز کە ناڕەزایەتییان بە وشکبوونی گۆلی ورمێ دەربڕیبوو، دەستبەسەر و دواتر دادگایی کران.

هاووڵاتییانی ناوچەی ورمێ و دەوروبەری ئەو گۆلە لەو باوەڕەدان کە ئەو گۆلە لە داهاتوویەکی نزیکدا نە تەنیا وشک دەبێت، بەڵکوو بەهۆی تۆفانی خوێ و کەمیی ئاو لەو ناوچەیە ئاوارە دەبن.

مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، گری لوئیس نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران لە سەردانێکدا بۆ گۆلی ورمێ، ‌رایگەیاندبوو؛ پێویستە هەر چی خێراتر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکان فریای ئەم گۆلە بکەون و لە وشکبوون رزگاری بکەن.

وێنــــه: نسل برهان
\"18407.jpg\"

\"18406.jpg\"

\"18411.jpg\"

\"18412.jpg\"

\"18410.jpg\"

\"18409.jpg\"

\"18408.jpg\"