بەرپرسی زیندانی نەغەدە لەگەڵ چارەسەرکردنی پزیشکیی محەممەد مورادی لە دەرەوەی زیندان دژایەتیی کرد

18:11 - 16 بەفرانبار 2721

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد مورادی"، خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە پیرانشار و بەندکراو لە زیندانی نەغەدە تووشی نەخۆشیی "فتق" بووە و بەرپرسی زیندان لەگەڵ ڕاگواستنی ناوبراو بۆ دەرەوەی زیندان دژایەتیی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای پێشنیاری پزیشکانی بێهداریی زیندان لەمەڕ چارەسەرکردنی پزیشکیی ئەو زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و قەبووڵکردنی دادوەری چاوەدێر، "حەبیب مورادی"، بەرپرسی زیندانی نەغەدە لەگەڵ ڕاگواستنی محەممەد مورادی بۆ دەرەوەی زیندان و ئەنجامی نەشتەرگەری بۆ ناوبراو دژایەتیی کرد.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند کە ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی "فتق" بارودۆخی جەستەیی نالەبارە و پێویستیی بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە.

حوکمی محەممەد مورادی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەی بەسەر "محەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، مەحكووم کرابوو.

محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت، گەڕابووەوە بۆ ئێران.

ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەوهاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژران.