بەرپرسی زیندانی شاری ورمێ بە زیندانییەکی گوتووە: \"گوێچکەت بۆ چیە؟\"

15:33 - 16 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و لە ڕەوانەکردنی بۆ دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەری پزیشکی بێبەرییە.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، \"سەدرەدین تەیموورپوور\"، کوڕی کەریم، یەکێک لە زیندانیانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە هۆی ئازار و ئەشکەنجە لە کاتی دەسبەسەریدا، یەکێک لە گوێیەکانی ئاودزی کردووە و داخوازیی ناوبراو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی لە دەرەوەی زیندان، ڕەت کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە زیندانییە کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، لە لایەن مەئموورانی حکوومەتییەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراوه، یەکێک لە گوێچکەکانی ئاودزی کردەوە و پاش داواکاری بۆ چارەسەری پزیشکی، سەرەڕای ڕەت‌کردنەوەی داواکارییەکەی، بەرپرسی زیندانی ورمێ بەو زیندانییە ڕاگەیاندووە، تۆ گوێچەکەت بۆ چیە؟.

ئەو زیندانییە کە بە تۆمەتی پەیوەندییەدار به ماددەی هۆشبەڕ دەسبەسەر کراوە، سەرەتا حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپا و دواتر حوکمەکەی بۆ ٣٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢٠٠ میلیۆن تەمەن سزای نەختی گۆڕدرا.

لە سەرەتای ساڵی ٩٧ هەتاوی، ٥ زیندانیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە هۆی پێرانەگەیشتنیان بۆ چارەسەری پزیشکی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، گیانیان لە دەست دابوو.