بەرپرسی زیندانی سنە، لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە

16:03 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، لەسەر کارەکەی لابرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، لەسەر کارەکەی لابرا و جێگرەکەی بە ناوی \"نادری\"، وەکوو بەرپرسی ئەو زیندانە، دیاری کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سنە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"عەزیز حەیدەری، بە تاوانی ڕادەستنەکردنی ١٢٠ مۆبایلی ئایفۆن لە موڵکی گشتی و خاوەندارەکانی سنە (ئەمواڵی تەملیکی)، لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە \"عەزیز حەیدەری\" تەواوی ئەو مۆبایلانەی لە بازاڕی ئازاددا فرۆشتووە.

\"عەزیز حەیدەری\"، لە ئازار و ئەزیەتکردنی زیندانییان، بەتایبەت زیندانییانی سیاسیدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.