بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزب دێموکرات لێدوانی فەرماندەی هەوا فەزای سپای ڕەت کردەوە

14:18 - 6 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حدکا، لێداوانەکانی فەرماندەی هەوا فەزای سپای پاسدارانی سەبارەت بە لێدانی مووشەکەکان لە بنکەکانی حیزبەکەی بەدرۆ خستەوە.

\"محەممەد ساحێبی\"، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا، لێدوانەکانی \"حاجی‌زادە\"، فەرماندەی هەوا فەزای سپای پاسداران، سەبارەت بە لێدانی وردی مووشەکەکان لە بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: کە ڕێژیم ئێران لە ئۆپراسیۆنی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە مووشەکی \"خاڵپێک\" کەڵکی وەرگرتووە، کە زیاتر لە سەدا پەنجای کەرەستەکانی ئەو مووشەکانە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە بە ئێران دراوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"شوێنی لێدانی مووشەکەکان لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بە هەڵەی یەک کێلۆمێتری دوور لە ئامانجەکان بووە و وردی لێدانی مووشەکەکان دوور لە ڕاستییە\".

بەڕێوەبەری دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لێدوانەکانی فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانی لە ڕاستای \"شەڕی ڕەوانی و ستراتیژیک\" دژی خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە قەڵم دا و ڕایگەیاند: \"ڕێژیمی ئێران لە شەڕی ڕەوانی وەکوو ستراتیژیی دژی خەباتی نەتەوەی کورد کەڵک وەردەگرێت\".

حاجی‌زادە، فەرماندەی هەوا فەزای سپای پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵ یەکی دەنگی و ڕەنگی حکوومەتی ئێران دووپاتی کردەوە، لە مووشەکە خاڵپێکەکان لە کاتی مووشکبارانی بنکەکانی حیزبدا کەڵکی وەرگرتووە. بەڵام بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات بە ڕەتکردنەوەی لێدوانی فەرماندەی هەوافەزای سپا دەڵێت: \"بەشێک لە مووشەکەکان خاڵپێکن و مووشەکەکان بۆ لێدانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات زیاتر لە ٦٠ لەسەد بە هەڵەی یەک کێلۆمێتری دوور لە ئامانجەکانیان پێکاوە\".

فەرماندەی هەوا فەزای سپای پاسداران لەو وتووێژدا ڕاگەیاندووە: کە بەپێی خواستی ڕێبەری حکوومەتی ئێران لێدانی وردی مووشەکەکانیان زیاتر کردووە.

محەممەد ساحێبی، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لێدوانەکانی فەرماندەی هەوا فەزای سپای بە \"پڕوپاگەندە\" ناوزەد کرد و ڕایگەیاند: \"لێدوانەکانی فەرماندەی هەوا فەزای سپا پڕوپاگەندەیە دژی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران و پەیامێک بۆ وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوایی بووە.\"