بەرپرسی دادگوستەریی روانسەر بە کلاشینکۆف کوژرا+وردەکاری/ وێنە

14:06 - 21 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: پایەبەرزترین لێپرسراوی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارستانی روانسەری سەربە ئوستانی کرماشان، لەلایەن ئەندامێکی \"بەسیج\"ـەوە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندان، سەلیم قەنبەری بەرپرسی دادگوستەریی شارستانی روانسەر بە زەبری چەکی کەسێکی \"خاوەن پێشینەی تاوان\" گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو بەرپرسەی دەزگای داوەریی شارستانی روانسەر، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە روانسەرەوە رایگەیاند؛ ئەو رووداوە کاتژمێر ٧ و ٤٥ خولەک رووی داوەو سەلیم قەنەبری لە کاتێکدا منداڵەکەی بردووە بۆ قوتابخانە، لە بلواری تەنیشت شارەوانیی روانسەر دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـەو هاوکات منداڵێکیشی بریندار بووە.

ناوبراو بۆ ماوەی ٧ ساڵ پێرسونێلی فەرمیی دادگوستەریی شارستانی روانسەر بووە.

پۆلیس ئیدیعای کردووە، کە کەسیکی بەناوی، \"حوسێن ریشی و کوڕێ حەسەن\" دەستبەسەر کردووە، کە ئەوهێرشەی ئەنجام داوە.

ئەو تۆمەتبارە، تەمەن ٣٠ ساڵ و ئەندامی بەسیج و چەکی کلاشینکۆفی سوپای پاسدارانی پێ بووەو ماوەیەک پێش ئێستاش برایەکی ناوبراو بەهۆی هێرش کردنە سەر مەلا قادر قادری نوێنەری خامنەیی لە شاری پاوە، بۆ ماوەیەک زیندانی کرابوو.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوسێن ریشی، کێشەی دەروونی هەبووەو خەڵکی گوندی \"قۆری قەڵڵا\"ی سەربە شارستانی روانسەر بووە.

بەگوتەی شایەتحاڵان، ئەو هێرشبەرە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوەو بەو هۆیەوە بریندار بووە.

ئەنجامی بەدواداچوونی هەواڵنێری کوردپا دەریخستووە، کە کوشتنی سەلیم قەنبەری، کێشەیەکی بە تەواوەتی شەخسی بووەو بەپێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسی گشتیی ئەمنیەت و ئینتزامیی ئوستانداریی کرماشان، هیچ \"مەبەستێکی سیاسی\" لە پشتەوە نەبووە.

ئەو لێپرسراوە حکوومەتییە، \"دژە شۆڕش\" و \"شتێکی لەو بابەتە\"ی بە هۆکاری مەرگی سەلیم قەنبەری لە قەڵەم داوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگوستەریی کرماشانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٠ دادوەری ئوستانی کرماشان بە تۆمەتی گەندەڵی لە بەرپرسیارەتییەکەیان دوور خراونەتەوە.