بەرپرسانی کاناڵی تێلێگرامی لە بانە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرا

12:23 - 15 خەزەڵوەر 2721

ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە، بەرپرسانی کاناڵی تێلێگرامیی ئەو شارەی پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی "محەممەد خودایی کانی‌سێف"، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "کانی‌سێف" لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بانگهێشت و هەڕەشەیانی لێ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە، بەرپرسانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی بانە نیووز، بانە ٢٤، کۆبوونەوە سەرەخۆشییەکانی بانە و بانە ڕووداوی، بانگهێشت کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان زۆریان بۆ ئەو بەرپرسانە هێناوە کە هەواڵی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە لە کاناڵەکانیان بسڕنەوە".

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، محەممەد خودایی کانی‌سێف، لە کاتی کۆڵبەریدا و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "سارداو"ی بانە، گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی ڕاستەوخۆیان لەو کۆڵبەرە کردبوو و ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی چوار گولـلە بە نێوقەدی، دەسبەجێ گیانی لەدەست دابوو.