بەرپرسانی نیزامیی حکوومەتی ئێران لە سنە، هەڕەشەیان لە حیزبە کوردییەکان کرد

18:18 - 17 بانەمەڕ 2720

پاش شەڕ و تێکەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە دیواندەرە، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەس و فەرماندەی سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان، هەڕەشەیان لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد.

سەید "سادق حوسێنی"، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی سنە، وێڕای هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاندووە: "حیزبەکانی دژە ئینقلاب چاوەڕوانی وڵامی توندی هێزەکانی سپای پاسداران بن".

هەروەها "عەلیڕەزا مەرزبانی"، فەرماندەی مەرزبانیی حکوومەت لە سنە هەڕەشەی کرد: "وڵامێکی توندی دژبەرانی ئینقلاب دەدەینەوە".

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لە "چلچەمە"ی دیواندەرە دەرگیر بوون و پیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای  حەمزەی سپای پاسداران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد  شوکری"، دوو ئەندامی تری سپا، لەم تێکەڵچوونەدا کوژراون.

قەرارگای حەمزەی سپا ڕایگەیاندووە کە ئەم تێکەڵچوونە لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری حکوومەت بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ئەم دەرگیرییەی لە ئەستۆ نەگرتووە.