بەرپرسانی زیندانی کرمان لەگەڵ چارەسەری پزیشکی زیندانییەکی سیاسی کورد دژایەتییان کرد

15:51 - 21 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری کرمان، لەگەڵ چارەسەری پزیشکی زیندانییەکی سیاسی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، لە دەرەوەی زیندان، دژایەتییان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد، بە ناوی \"ئەمیر پەیغامی\" خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی دژایەتی بەرپرسانی زیندانی ناوەندی کرمان، لە چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەری کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی زیندانی کرانیدا، لە مورەخەسی پزیشکی بێبەری بووە، لە دۆخێکی نالەبار لە زیندان ژیان بە سەر دەبات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری پزیشکی ناوبراو، لە دەرەوەی زیندان هەڵنەگیراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، ئەمیر پەیغامی، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، کە پێشتر حوکمی دوورخرانەوەی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرابوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمان، دوورخرایەوە.

پیشتریش،سەرەڕای پێویستی دەسبەجێی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بۆ زیندانییە سیاسییە کوردە، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، بەرپرسانی ئەو زیندانییە لە چارەسەری پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان، دژایەتییان کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، ئەمیر پەیغامی، لە لایەن دادگای نیزامی شاری ورمێ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی حکوومەتی ئێران\" بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان، مەحکووم کرا بوو.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ساڵی ٩٦، ١٠ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری شنۆ، هێرشیان کردە سەر ئەمیر پەیغامی و دەستبەسەریان کردبوو.