بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە تۆڵەی ناردنی زانیاری بۆ دەروەی زیندان، هێڵی تەلەفۆنی زیندانیان پچڕاند

21:19 - 1 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ هێڵی تەلەفۆنی نێو ئەو زیندانەیان لە زیندانییەکان پچڕاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێپرسراوانی ئەمنیەتیی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە کۆتایی حەفتەی رابردوودا، تاقە کیوسکی تەلەفۆنی نێو ئەو زیندانەیان داخست و هێڵی تەلەفۆنەکەشیان پچڕاندووەو هەنووکە پەیوەندی گرتنی زیندانیان بە دەرەوەی زیندان ئیمکانی نییە.

ئەندامانێکی بنەماڵەی یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی دەریا، وێرای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی پچڕانی هێڵی تەلەفۆنی زیندانی ناوەندیی شرای ورمێ، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە کاتێکدا رۆژی چوارشەممە بە مەبەستی ملاقات سەردانی زیندانم کرد، ئەو زیندانیەی کە چاوم پێی کەوت باسی لە پچڕانی تەلەفۆنی گشتی و دۆخی نالەباری نێو زیندان کرد.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری زیندانیانەوە گوتیشی: حەفتەی رابردوو، کە ١٢ زیندانیی کورد و تورک لەسێدارە دران و دوو کەسی دیکە لە زیندانیان بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داو دەم و دەست هەواڵەکانیان لە میدیاکانەوە بڵاوبوویەوە، بۆتە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی زیندان هێڵی تەلەفۆنی ئەو زیندانە بپچڕێنن.

پێشتریش لە میدیاکاندا هەواڵی دۆخی نالەباری نێو زیندانی دەریا و ئەشکەنجەی زیندانییە سیاسییەکان و نەبوونی ئیمکانی چوونە مەرەخەسیی زیندانیان بڵاوببوویەوە.

\"20677.jpg\"
مەنسوور ئاروەندبۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا
هەروەها رۆژی رابردوو مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی، لەلایەن مەئمووانی ئەو زیندانەوە بانگهێشت و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

هاوبەندییەکانی ئەو زینداییە سیاسییە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد، باسیان لەوە کردووە، کە پێدەچێت بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ راگوێزرابێت.

ناوەڕاستی حەفتەی رابردوو ١٢ زیندانیی کورد و تورک لە زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی لەسێدارە دران.

هەروەها لە دوو حاڵەتی جیاجیادا، زیندانییەکی کورد سەرەڕای ئەوەیکە گیانی لەدەست دابوو، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە تەرمەکەی لەسێدارە درا و زیندانییەکی دیکەش بەهۆی ئەشکەنجەو خوێنڕێژییەوە گیانی لەدەست دا.

پچڕاندنی تەلەفۆنی زیندانی دەریای ورمێ لە حاڵیکدایە، کە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوی وتەبێژی دەزگای قەزایی، باسی لەوە کردبوو: تەلەفۆن مافی زیندانی نییە و ئەگەر کەسی زیندانی هەڵەیەک ئەنجام بدات، مافی تەلەفۆن کردنی پێ نادرێت.

تەلەفۆن کردن وەکوو سەرەتایی‌ترین مافی زیندانی لە ئایین‌نامەی رێکخراوی زیندانەکاندا ئاماژەی پێکراوەو زیندانییەکان دەتوانن لەگەڵ بنەماڵەکانیان پەیوەندی بگرن، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە لە ئێستادا ئەو مافە بە بڕیاری لێپرسراوانی ئەمنیی زیندانی ورمێ ئەو مافەیان لێ زەوت کراوە.