بەرپرسانی زیندانی ورمێ، زیندانییانی پەیوەندیدار بە تاوانە ئاساییەکان وەکوو زیندانییانی سیاسی بە پشکێنەرانی دەزگای داد ناساندووە

12:27 - 21 بانەمەڕ 2722

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، باسی لە ناساندنی زیندانییانی تاوانە ئاساییەکان وەکوو زیندانییانی سیاسی بە پشکێنەرانی دەزگای داد کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بەندی زیندانییانی سیاسی لەنێو زیندان جیا کراونەتەوە و هیچ کەس نازانێت ئەو بەندە بەندی زیندانییانی سیاسییە و ئەو بەندە لە کۆڵانێکی داخراو هەڵکەوتووە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ هەتا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە زیندانییانی سیاسی لەگەڵ پشکێنەرانی دەزگای داد نەداوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها وتی: "بەرپرسانی زیندانی ورمێ زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانیان وەکوو زیندانیی سیاسی بە پشکێنەرانی دەزگای داد ناساندووە و پشکێنەرانی ئەو دەزگایە بە جێگای زیندانییانی سیاسی، لەگەڵ زیندانییە تاوانە ئاساییەکان چاوپێکەوتنیان کردووە. هەتا ئێستا چەندین جار زیندانییانی سیاسی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون و ئەوانیان ئازار و ئەشکەنجە داوە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکانیشیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە ناخۆشترین بارودۆخدا دەژین و هاتوچۆ بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی قەدەغەیە و تەنانەت زیندانییانی سیاسی لە چوونە باشگا و پۆلەکانی فەرهەنگی، بێبەری کراون. گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسیی ورمێ، لەلایەن محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان، بەخشی بەرپرسی زیندانی ورمێ و موختاری دادوەری جێبەجێکاری بڕیارەکان، دەبێت".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "دوو ئەفسەر نیگەهبان نێو بەندی زیندانییانی سیاسی کلیل دەکەن و تەنیا کونێکی بچووک بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ زیندانییانی سیاسی دەهێڵنەوە. لە ماوەی ڕابردوودا، کامران قاسمی، نائیب عەسکەری، شاکر بێهرووز، دارا ڕەشیدی و فیرووز موسالوو، بۆ ژووری تاکەکەسیی ڕاگوێزراون و ئەشکەنجە دراون".

زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە کۆتاییدا ڕوو لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی زیندانی ورمێ، لەمەڕ بارودۆخی ئەوان کەمتەرخەمن و بەنیسبەت ئەو بارودۆخە دژکردەوە نیشان بدەن.