بەرپرسانی زیندانی مەهاباد رێگری لە چارەسەریی پزیشکیی زیندانییەکی سیاسیی کورد دەکەن+بەڵگە

20:19 - 22 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە لە دەستبەسەریدایە، تووشی نەخۆشی و ئازاری چاو بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەحیا سارخانی، زنیدانیی سیاسیی کورد، کە لە زنیدانی ناوەندیی شاری مەهاباد تووشی ئازاری چاو بووەو سەرەڕای ئەوەیکە پزیشک پێی راگەیاندووە لە دەروەی زیندان چارەسەریی بۆ بکرێت، دادستان و بەرپرسانی زیندان رێگری لە ناردنی ئەو زیندانییە کوردە بۆ دەرەوەی زیندان دەکەن.

ناوەرەستەکانی بەهاری ئەمساڵ پزیشکی قانوونیی ئوستانی \"ئازەربایجانی رۆژئاوا\" لە نامەیەکدا روو لە بەرپرسانی زیندانی مەهاباد، وێرای هۆشداری دان لەمەڕ ئازاری چاوی یەحیا سارخانی، رایگەیاندبوو، بۆ پێشگیری لە نەخۆشیی چاوی ناوبراو، دەبێ بە زووترین کات بخرێتە ژێر چاوەدێری پزیشکییەوە.

رێکخراوی پزیشکی قانوونی لەو نامەیەدا نووسیوبووی، چاوی چەپی یەحیا سارخانی کە \"قەلپووچ\" بووەو چڵکی کردووە، دەبێ چارەسەریی خێرای بۆ بکرێ و ئەگەر لە نێو زینداندا بە دروستی چاوەدێریی پزیشکی نەکرێ، دەبێ لە دەرەوەی زیندان دەرمان بکرێ.

\"24169.jpg\"
یەحیا سارخانی، زنیدانیی سیاسیی کورد، لە زنیدانی ناوەندیی شاری مەهاباد
لە راپۆرتی رێکخراوی پزیشکیدا هاتووە، ئەگەر چاوی یەحیا سارخانی دەرمان نەکرێ، دەبێ چاوی چەپی، کە دەستکردە، دەربهێندرێ و ئەگەریش پشت گوێ بخرێ، لە زیندان نەخۆشییەکەی قوولتر دەبێتەوەو ئەمەش مەترسی بۆ گیانی خۆی و هاورێکانی دروست دەکات.

بە گوتەی کەسوکاری یەحیا سارخانی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ مانگ بەسەر هۆشداری و راپۆرتی رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا لەمەڕ نالەباریی دۆخی چاوی یەحیا سارخانی، بەرپرسانی زیندانی مەهاباد بچووکترین ئاوڕیان لە دۆخی ناوبراو نەداوەتەوە.

یەحیا سارخانی، کە تەمەنی ٣٤ ساڵ و خێزاندار و هەروەها باوکی منداڵێکیشە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو حوکمەکە لە دادگای پیداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

یەحیا سارخانی کۆتاییەکانی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرا و هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

\"24168.jpg\"