بەرپرسانی زیندانی سەقز پێشیان لە چارەسەریی پزیشکیی زیندانییەکی سیاسیی کورد گرت

11:27 - 3 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی سەقز، لەگەڵ چارەسەریی پزیشکیی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە دەرەوەی زیندان، دژایەتییان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی سەقز لەگەڵ داواکاریی چارەسەریی پزیشکیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "یاسین کەنعانی" لە دەرەوەی زیندان، دژایەتییان کرد.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە داوای مورەخەسیی کردووە کە لەگەڵ دژایەتیی بەرپرسانی زیندانی سەقز بەرەڕوو بووەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە دوتی: "یاسین کەنعانی لە زیندانی سەقز تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە و بەرپرسانی زیندان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە کەمترخەمن".

"یاسین کەنعانی" کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، لە کاتی گەڕانەوە لە تاران بۆ سەقز، لەگەڵ "ئاسۆ ڕەمەزان ‌زادە" بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، "یاسین کەنعانی" پاش دوو مانگ دەسبەسەری، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە زیندانی ناوەندیی سنە، بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

یاسین کەنعانی، ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لێپریسنەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.