بەرپرسانی زیندانی سەقز پێش بە چارەسەریی پزیشکیی زیندانییەک دەگرن

10:36 - 29 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی سەقز، ڕێگە لە ڕەوانەکردنی زیندانییەک بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەگرن کە تووشی جەڵتە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، زیندانییەک بە ناوی "حوسێن حەیدەری"، خەڵکی سەقز، لە زیندان تووشی جەڵتە بووە و بەرپرسانی زیندان ئیزنی بەڕێکردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نادەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: "کادرە دەرمانییەکانی بێهداریی زیندانی سەقز ئیزنی ڕەوانەکردنی ئەو زیندانییەیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان داوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "کادرە دەرمانییەکانی بێهداریی زیندانی سەقز، بە بەرپرسانی زیندانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ، حوسێن حەیدەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە بکرێت و بخەوێندرێت و چارەسەریی پزیشکیی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی نزیک بە حەوتوویەک، "حوسێن حەیدەری" لە زیندان تووشی جەڵتە بووە و بەرپرسانی زیندان هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی پزیشکیی ئەو زیندانییە نەکردووە".