بەرپرسانی زیندانی سنە لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئەفشار فەتحی دژایەتییان کردووە

16:33 - 30 رێبەندان 2720

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی سنە، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی "ئەفشار فەتحی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دژایەتییان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی زیندانیبوونیدا، داوای مەرەخەسیی کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی سنە، دژایەتییان لەگەڵ داواکارییەکەی کردووە.

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر، ئەفشار فەتحی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

مانگی خەرمانانی ٩٨، ئەو لاوە کوردە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەفشار فەتحی، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرابوو و حوکمی ١ ساڵ زیندانیی ناوبراو بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، پشتڕاست کرابووەوە.

ئەو لاوە، نێوەڕاستی مانگی ڕەشەمەی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.