بەرپرسانی حكوومەتی لە نەوسوود بۆ دابین كردنی سووتەمەنیی قوتابخانەكان، پارە لە قوتابیان وەردەگرن

14:12 - 14 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە هێندی لە قوتابخانەكانی بەخشی \"نەوسوود\"ی سەر بە پاوە لە پارێزگای كرماشان بە شێوەی نایاسایی بۆ دابین كردنی سووتەمەنی و گەرم داهێنانی پۆلەكانی خوێندن، پارە لە قوتابییەكان وەرگیراوە.

هەواڵدەریی فارس لە راپۆرتێكدا لەم بارەوە بڵاوی كردۆتەوە، لە ئەنجامی كەمتەرخەمیی بەرپرسانی پیوەندیدار لە دەڤەری پاوەی و نەوسوود، بەرپرسانی هێندێ‌ لە قوتابخانەكانی بەخشی نەووسود بە ناردنی نامە بۆ سەرپەرستی منداڵان بە واژۆی بەرپرسی ئەنجومەنی \"ئەولیا\" و راهێنەرانی قوتابخانەكان بە زۆری پارەیان لە قوتابییان ئەستاندووە.

حوسێن خدر وەیسی، بەرپرسی ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی شاری پاوە بە هەواڵدەریی فارسی وتووە، بەرپرسانی ئەو قوتابخانانە لەژێر ناوی\"یارمەتیی خۆ ویستانە\" و\"یارمەتی\" بڕێكی زۆری پارە لە سەرپرستی قوتابیان ئەستێنراوە.

ئەم كارە پێچەوانەی بەندی 30 یاسایی بنەرەتیی وڵاتە كە دەڵێی: هەر كەس كە تەمەنی بگاتە حەوت ساڵ، دەوڵەت ئەركی سەرشانیەتی كە كەرەسە و پێداویستی قوتابخانەی بۆ دابین بكات.

یووسفی بەرپرسی شۆرای ئامووزش و پەروەرشی نەوسوود بە هەواڵدەریی فارسی راگەیاندووە: بەپێی ئامارێك كە لەلایەن بەرپرسانی پەرەوەردی ئەو ناوچەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەو بەخشە ساڵی پێشوو هەزینەی سووتەمەنیی قوتابخانەكانی ئەو ناوچەیە 5 میلیۆن و 500 هەزار تمەن بووە، لە حالێكدا سەرانەی قوتابخانەكان هەر لەو ماوەیەدا 2 میلیۆن و 500 هەزار تەمەن بووە.

یووسفی وتیشی: باقیی هەزینەكان بۆ دابین كردنی سووتەمەنی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە رێگای یارمەتیی خەڵك و شارەدارییەكانی نەوسوود و نۆدشە و بەڵێندەرانی بەنداوی \"داریان\"ەوە دابین كراوە.

بەپێی بەڵگە و داتاكان، كەمتەرخەمی و پشت گوێ‌ خستنی ئەم مەسەلەیە لەلایەن بەرپرسانی ئامووزش و پەروەرشی بەخشی نەوسوود، بۆ دابین كردنی سووتەمەنی، بەرپرسانی قوتابخانەكانی ئەو ناوچەیە بۆ گەرم داهێنانی پۆلەكانی خوێندن، بە زۆرەمڵی پارەیان لە قوتابیان وەرگرتووە.

وێنە : میهر