بەرهەمێكی مامۆستا شێركۆ بێكەس وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی

13:56 - 14 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵە شێعری \"بۆنی نامە\" لەنووسینی مامۆستای كۆچكردوو شێركۆ بێكەس، لەلایەن وەرگێڕێكی کوردی خەڵکی شاری بۆكانەوە كراوەتە فارسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رەزا كەریم موجاور وەرگێڕ و ئەدیبی شاری بۆكان مامۆستا شێركۆی بە ئیمپراتۆری شێعری دونیا لەقەڵەم داوە و لەو باوەڕەش دایە کە پێویستە سەرجەم بەرهەمەكانی ئەو شاعیرە نەتەوەیە بكرێتە فارسی و زمانەكانی دیكە.

\"16566.jpg\"
رەزا كەریم موجاور، وەرگێڕ و ئەدیبی شاری بۆكان
ئەو وەرگێڕە كوردە پێشتریش كتێبی \"كۆشكی باڵەندە غەمگینەكان\"‌لەنووسینی بەختیار عەلی وەرگێرابوویە سەر زمانی فارسی.

بێجگە لەو بەرهەمی \"بۆنی نامە\"، پێشتریش ٧ بەرهەمی دیكەی \"شێرکۆ بێکەس\" شاعیری كۆچكردووی کورد وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.

نووسەر و وەرگێڕەكانی وەكوو عەلی ساڵحی، عەزیز ناسری، رەزا كەریم موجاور، محەممەد رەئووف مورادی، مەریوان هەڵەبجەیی و فەریاد شیری بەرهەمەكانی ئەو شاعیرە كوردەیان كردووە بەفارسی.

شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە و ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و رۆژی یەكشەممە رێكەوتی١٣ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ئەو شاعیرە نوێخوازە بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجە لەنەخۆشخانەی ستۆكهۆڵمی سوید ماڵاوایی لەژیان كرد.

ماۆستا شێركۆ بێكەس بەگشتیی خاوەنی ٣٥ بەرهەمی ئەدەبیە.