بەرهەمێکی دیکەی عەلی‌ئەشرەف دەرویشیانی وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی

13:51 - 20 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: وەرگێڕێکی کورد، یەکێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەشرەف دەرویشیانی لە زمانی فارسی وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەریف فەلاح وەرگێرڕو نووسەرێکی کورد خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی باشووری کوردستان، کتێبی\"قصەهای آن سال‌‌ها\" (چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە)ی لە زمانی فارسییەوە کردەوە بە کوردی.

چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، بە ناوەڕۆکی سیاسی، چوار چیرۆکی درێژی مێرمنداڵانی لەخۆ گرتووە و بە زمانی منداڵان نووسراوە و باس لە بارودۆخی سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە کۆمەڵگەی کرماشان دەکات.

\"\" ئەم چوار چیرۆکەی دەرویشیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە فارسی هەرکامەیان بەجیا چەند جار چاپ کراون و جارێکیش پێکەوە و لەژیر ناوی \"قصەهای آن سالها\" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی چیرۆکی ئەو ساڵانە لە لایەن \"وەشانگەی مانگ\" لە شاری بانە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دوو توێی ١٠٨ لاپەڕە دا چاپ و بڵاو کراوتەوە.

عەلی ئەشرەف دەرویشان لە ساڵی ١٣٢٠ لە شاری کرماشان لە دایکبووە و ساڵی ١٣٣٧ خویندنی خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و ساڵی ١٣٤٥ لە بەشی وێژەی و ئەدەبی فارسیی لە زانستگەی شاری تاران دەست بە خوێندن دەکات و یەکەم بەرهەمی ئەو نووسەرە کوردە لە ساڵی ١٣٥٢ چاپ کرا و ئەو نووسەرە کوردە هەتا ئێستا زیاتر لە ٦٠ بەرهەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

شەریف فەلاح، شاعیر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی، ساڵی ١٣٥٣ لە گوندی (گەزنە)ی سەر بە چەمشاری سنە لەدایک بووە. هەتا ئێستا هەشت بەرهەمی نووسین، ئامادەکردن و وەرگێڕانی چاپ و بڵاو کراونەتەوە.