بەرهەمی ئەدیبان و نووسەرانی ناوچەی موکریان و هەورامان لەدووتۆیی کتێبدا چاپ کران

14:46 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی مەهاباد، پاوە و سنە پەردە لەسەر بەرهەمی شاعیران و ئەدیبان لادرا و هەروەها چەندین کتێبی بەرهەمی نووسەرانی کوردیش چاپ و بڵاو کرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١‌ی خاکەلێوە لەشاری مەهاباد پەردە لەسەر کتێبی شێعریی \" دیوانی ئەهلی دڵ\" لەنووسینی ساکار سۆفی زادە (موحیبی مەهابادی) لادرا.

رێوڕەسمی نواندن و ناساندنی ئەو بەرهەمە شێعرییە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریانی مەهابادی رێکخرابوو، کە تیایدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیران، نووسەران، ئەدیبانی کوردستان بەشداربوون.

\"18995.jpg\"
ساکار سۆفی زادە،نووسه‌ری کتێبی شێعریی \" دیوانی ئەهلی دڵ\"
کتێبی دیوانی ئەهلی دڵ ٧١٥ شێعری لەخۆگرتووە و شێعرەکانیش کۆی غەزەل و قەسیدەکانی شاعیر ساکار سۆفی‌زادەیە، کەلە ماوەی ١٥ ساڵدا کاری بۆ کردووە.

لەدرێژەی چالاکییە هونەرییەکان لەشاری مەهاباد، پێشانگایەکی پەندی پێشینیان و قسەی نەستەق لەقاڵبی کاریکاتێردا لە سەر شەقام کراوەتەوە.

ئەو پیشانگایە لەلایەن هونەرمەند \"سەید مەحموود سەید قادری موکری\" لەمەیدانی شارەوانیی شاری مەهاباد لەرێکەوتی ١‌ی خاکەلێوەوە کراوەتەوە و بۆماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەشاری سنەش کتێبێک لەژێر ناوی \" رەنگدانەوەی فەرهەنگی گشتیی لەدیوانی نالی\"‌یدا لەنووسینی \"کەژاڵ فیداکار\" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەو کتێبە وەکوو تێزی کارناسیی کەژاڵ فیداکار نووسراوە و لە ٢٤٠ لاپەڕە پێکهاتووە و بە هاوکاری کانوونی نووسەرانی کورد و چاپەمەنی \"شەهاب\" لەهەولێر چاپ کراوە.

\"19002.jpg\"
فەرشید شەریفی، نووسه‌ر
دوو کتێبە چیرۆکی \"داستانەی ناتەمامە\" و \"هەناسێوە تا یاوای(هەناسەی تا گەیشتن)\" لەنووسینی فەرشید شەریفی لەشاری پاوە بە زاراوەی هەورامی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی داستانەی ناتەمامە، باس لە ئەدەبیاتی هەورامی دەکات و هەروەها کتێبی هەناسێوە تا یاوای کە لە ٨٠ لاپەڕە پێکهاتووە، زیاتر پڕژاوەتە سەر لایەنە مێژووییەکەی هەورامان و کوردستان.

لەدرێژەی کارە فەرهەنگییەکاندا نووسەرێکی ناوچەی هەورامان بەناوی سابیر عەزیزی کتێبێکی شێعری تازەی هەورامی لەژێر ناوی \"سۆسکە قەتیسەکا\" نووسیوە.

ئەو کتێبە دووهەمین بەرهەمی ئەو شاعیرە هەورامییە و لە ٦٩ لاپەڕە پێکهاتووە.
\"18992.jpg\"

\"18994.jpg\"

\"18993.jpg\"

\"18996.jpg\"