بەرهەمی نووسەرانی ئیلام لە قوتابخانە دواناوەندییەكان دەوترێنەوە

18:47 - 11 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش تاوتوێ‌ و راگۆڕینەوەی كارناسانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان كتێبی \"پارێزگاناسی\" بەرهەمی نووسەر و توێژەرانی كوردی ئیلام لە قوتابخانە دواناوەندییەكان دەوترێتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی كاری ئێران (ئیلنا)، لەو بەرهەمەدا كە بە ئاراستە و تێڕوانینێكی ریالیزمانە و باوەڕ و متمانەی نەتەوەیی نووسراوە، جیالە ناساندنی بواری مێژوویی، جوغرافیا، ئاسەواری كەونارایی و... وانەیەكیش بۆ ناساندنی ناودارانی گەورەی بواری زانست و ئەدەبی پارێزگای ئیلام بۆ وێنە: \"غوڵامڕەزا ئەركەوازی، غوڵامعەلی باوانە مەلەكشایی، شاكە و خان مەنسوور و میرنەورۆز...\" تەرخان كراوە.

لە كتێبی پارێزگاناسیی ئیلامدا كە بڕیارە لە ساڵی دووەمی قوناغی دواناوەندییەوە بخوێنرێ‌، لە بواری ئەدەبی هاوچەرخی كوردیشدا بەشێك بە قەڵەمی \"كامران رەحیمی\" نووسەر و توێژەری ناسراوی ئیلامی لەژێر ناوی \"زوان كوردی و وژدان وریا\" و هەروەها شێعری \"نیشتمان\" بەرهەمی مستەفا بەیگی بە رێنووسی ئارامی گونجێنراوە.

ئەم بەرهەمە كە بڕیاری خوێندنی یەكلایی كراوەتەوە، بۆ ساڵی دووەمی قۆناغی دواناوەندی هەموو رشتەكان داڕێژراوە، بەرهەمی هەوڵ و تەقەلای كۆمەڵێك توێژەر و نووسەرانی بە توانا و كوردی نووسی پارێزگای ئیلامە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بووژانەوەی زمان، فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی و هەروەها چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەمە كوردییەكان لە پارێزگای ئیلام جێگای تێڕامان و توێژینەوەیە، یەكێك لەو ناوەندانەی كە لەم بارەوە زۆر چالاك بووە و رۆڵی ئەرێنیی گێڕاوە، \"بنكەی ئەدەبیی هانا\"یە كە كۆمەڵێك نووسەر، شاعێر و توێژەر تێیدا چالاكی دەكەن.