بەرهەمی حەیدەربابا بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

21:15 - 5 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کتێبی شێعری \"حیدربابا\" لە نووسینی شاعیری تورک زمان ئوستاد شەهریار بە کوردی دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئوستاد \"ڕەسووڵ کەریمی\" ناسراو بە \"سووتاو\" کتێبی شێعری حەیدەربابا بەرهەمی شاعیری تورک زمان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیک‌دا دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.

وەرگێڕانی ئەو بەرهەمە لە زمانی تورکی بۆ سەر زمانی کوردی لە لایەن نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کورد مامۆستا \"ڕەسووڵ کەریمی\" ئەنجام دراوە و هەروەها باقی بەرهەمەکانی دیکەی ئەو ئەدیبە کوردە وەک دیوانی شێعر، نووسراوەکان و وەرگێڕانی فارسیی مەم و زینی خانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
دیوانی شێعری مامۆستا سووتاو شێعرە کلاسیک و نوێیەکانی ناوبراو و نووسراوەکانی لە بواری فەرهەنگ و مێژووی کوردستان دایە.

بەرهەمی شێعری حەیدەربابا ساڵی ١٣٦٩ی کوردی لە لایەن مامۆستا سووتاو کراوەتە کوردی و ناوبراو یەکەم کەسە کە بە زمانی کوردی ئەو بەرهەمەی وەڕگێڕاوەتەوە، بەڵام به هۆی کێشەی ماڵی چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها مامۆستا سووتاو یەکەم کەسە کە شاهکاری مەم و زینی خانی، شاعیری بە ناوبانگی کوردی ورگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

ڕەسووڵ کەریمی ساڵی١٣٢٦ی هه‌تاوی لە مەهاباد لە دایکبووە. ساڵی ١٣٣٢ لە قوتابخانەی \"خەیام\" قۆناغی سەرەتایی خوێندنی دەست پێکردووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی بڕوانامه‌ی دیپلۆمی وەرگرتووە و دواتر لە تاقیکاریی کۆنکۆڕ بۆ زانکۆی تاران له ڕشته‌ی \"فیزیک\" دەرچووەو خوێندنی لە زانکۆی تەورێز درێژە پێ دەدات و هەر لەو شارە هەوێنی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی تورکی ئازەری و گەورە نووسەرانێکی وەک سەمەدی بێهڕەنگی پەیدا دەکات‌.