بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لەسەردەشت ساڵانە سێ‌میلیارد دۆلار داهاتی بۆ سوپای پاسداران هەیە

16:34 - 28 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەوتەی هاووڵاتییەک، سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەناوچەی سەردەشت ژمارەیەکی بەرچاو کارگە‌ی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکانی دروست کردووە و داهاتی ساڵانەی لەو کارگەیانە سێ‌میلیارد دۆلارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک خەڵکی خۆجێیی و ئەندامانی سوپای پاسداران لەسەردەشت لەرێگەی ٣٠٠ بنکەوە سەرقاڵی دروستکردنی مادەی سەنعەتی شیشەن و ئەو مادە ماڵوێڕانکەرەش دواتر رەوانەی شارەکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی بیانی دەکرێت.

\"20042.jpg\"
لەو بارەیەوە کەسێکی ئاگادار لەکار و کردەوەکانی ئەو بنکانە، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: سوپای پاسداران زۆر بەئاشکرا دەستی داوەتە ئەو کارە و بە وەرێ‌خستنی ئەو پڕۆسەیەش سەرەڕای ئەوەی کە داهاتێکی بەرچاوی هەیە، دەیهەوێ‌کولتووری ناوچەکە و بەتایبەت کوردستان تێک بدات و کوردستان بە شوێنێکی بێگانە دەزانێ‌.

دەشڵێت: چالاک بوونی ئەندامەکانی سوپای پاسداران، ئەمنیەتیی کردنی ناوچەکە لەلایەن سوپا و هەروەها هاوسنووربوونی شاری سەردەشت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەو بوارەی رەخساندووە کە ئەو ناوچەیە بۆ دامەزراندنی بنکەی بەرهەمهێنانی مادەی شیشە لەبار بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناوەندێکی بان یاساییەیە و هێزە ئینتزامییەکان لای ئەوان بێ‌توانان و بە \"دەوڵەت لەناو دەوڵەت\"‌دا پێناسەی کردووە.

ئاشکرای کرد: بنکەکانی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەردەشت ساڵانە سێ‌میلیارد دۆلار داهاتی بۆ سوپای پاسداران هەیە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت،‌گوتیشی: ئەندامانی سوپا لەوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان حەب و کەرەسەی پێویست بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر دەکڕن و لەناو ئەو بنکانەدا ماددەی سەنعەتی شیشەیان لێ‌بەرهەم دێنن.

باسی لەوەش کرد، ئەو بنکانە لەناو ماڵ و دەورووبەری شاری سەردەشت و رەبەت دامەزراون و هەتا ئێستا چەندین تەقینەوەش لەئەنجامی تێکەڵ کردنی ماددە شیمیاییەکان لەناو ماڵەکاندا رووی داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بەتایبەت سوپای پاسداران نەیانهێشتووە راستی مەسەلەکە دەربکەوێت.

سەرچاوکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بەرهەمهاتنی مادەی شیشە لەسەردەشت، سوپای پاسداران لەرێگای خوێندکارە بەسیجی و دەست و پێوەندیەکانی رەوانەی شارەکان و بەتایبەت زانکۆکانی تارانی دەکات و هەروەها بەشێکی بەرچاو لەو مادەیەش رەوانەی وڵاتی مالیزی، ئەندۆنێزی و فلیپین دەکرێت.

\"20043.jpg\"
هەنووکە نزیک بە ٤٠٠ کەسی ئێرانی بەتاوانی بازرگانی بەمادە سڕکەرەکان لەزیندانەکانی وڵاتی مالیزیدان و بەوتەی لێپرسراوانی خودی حکوومەتی ئێران، لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٧٦ کەسیان لەلایەن دەزگا قەزایەکانی مالیزییەوە حوکمی لەسێدارە دانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ماوەی پێنج مانگ لەمەوبەریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە راپۆرتێکی لەسەر بنکەکانی بەرهەمهێنانی مادەی شیشە لەناوچەی سەردەشت بڵاو کردبوویەوە.

سەرچاوەکە گوتبووی:\" سەرجەمی ئەو کەسانە کە لەو بنکانەدا کاری بەرهەم هێنان دەکەن، چەکی سوپای پاسدارانییان پێیە و هاووڵاتییان بە هێچ شێوەیەک ناتوانن رێگرییان لێ بکەن و تەنانەت سکاڵاشیان لەسەر تۆمار بکەن\".