\"بەرنامەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش\" دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەت کرایەوە

22:44 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: قەرارگای حەمزەی سپای پاسدران هەوڵی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی بە درۆ خستەووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قەرارگای حەمزەی سپای پاسدران بە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێکدا لەبارەی هەوڵی هاوبەشی نێوان حکوومەتی ئێران و تورکیە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان(پ.ک.ک.) ڕایگەیاند:\" ئێمە هیچ بەرنامەیەکی عەمەلیاتیمان لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەڕێژی نەکردووە\".

قەرارگای حەمزەی سپای پاسدران بە ڕەت کردنەوەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیە دژی هێزەکانی پ.ک.ک. دەڵێت: \"کۆماری ئیسلامی بەرنامەیەکی بۆ ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی بەربڵاو لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا نیە\".

قەرارگای حەمزەی سپای پاسدران پێداگری لە سەر ئەوە کردەوە: \"هەریەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەتا ئێستا، خزیوونەتە کەمپەکانی خۆیان لە باکووری عێراق و لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، بە پشتیوانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شوێنی دروست کردنی نائەمنی لە خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، ئامانجیان دروست کردنی نائەمنی لە سنوورەکانی ئێمەیە لەگەڵ وڵامی توندی ئێمە بەرەوڕوو دەبنەوە و بنکەکەکانی ئەوان لە هەر شوێنێک بن دەکرێنە ئامانج.

فواد بێریتان، هاوسەرۆکی کۆدار(کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاند،لەوەها بارودۆخێکدا شەڕ لەگەڵ ئێران بۆ ئێمە باش نابێت و ڕێگاچارەی عەقڵانی ڕێکارێکی دێموکراتێکیە\".

ڕەجەب تەیب ئەردوغان، سەرکۆماری وڵاتی تورکیە، ڕۆژی ٣٠ی گەڵاوێژ بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند:\"بەربەرەکانێی کاریگەر لە دژی پارتی کرێکارنی کوردستان و لقی ئێرانی ئەو پارتە، پژاک، لە ڕێگای ئۆپراسیۆنی نیزامیی هاوبەش لەگەڵ ئێران ئیمکانی هەیە\".

محەممەد حوسێن باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ سەردانی خۆی بۆ تورکیە بە هەواڵدەریی حکوومەتی ئیسنا گوتوویەتی:\" باس کردن لە پێشگرتن لە هاتوچۆی تێرۆریستەکان لە سنوورە هاوبەشەکان، ڕێککەوتنێکی باش کراوە و لە داهاتووەدا سەرۆکی ستادی ئەرتەشی تورکیە سەردانی ئێران دەکات\".