بەرنامەی کوردیی کەناڵی ناوخۆیی کرماشان، لە دەنگدانێکدا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

15:23 - 19 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا بەرنامەی کوردیی کەناڵی ئوستانیی زاگرۆس لە کرماشان، کە ماوەکەی تەنیا ٤٥ خولەکە، زۆرترین بینەری لەو ئوستانەدا بۆ لای خۆی راکێشاوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، برنامەی کوردیی \"شەوتان وەخێر\" کە بەرنامەیەکی ٤٥ خولەکیی کوردیی کەناڵی ئوستانیی زاگرۆسی کرماشانە، بە بەراورد لەگەڵ بەرنامە فارسییەکانی ئەو کەناڵە، زۆرترین دەنگی بینەرانی بەدەست هێنا.

بەرنامەی کوردیی \"شەوتان وەخێر\" لە دەنگدانێکدا کە لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئەنجام دراوە، ١٠٠ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە.

بە گوتەی پێشکەشکاری بەرنامەی \"شەوتان وەخێر\"، ئەو دەنگدانەی رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیە، بە بەراوەرد لەگەڵ بەرنامەکانی دیکەی ئەو کەناڵە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.

رەزا مەوزوونی رایگەیاندووە، بینەرانی ئەو بەرنامە کوردییە، لە رێگەی ئەو دەندانەوە ویستوویانە ئەو پەیامە بگەیەنن کە، کەناڵی زاگرۆس بە شێوەیەکی شێلگیرانەتەر ئاوڕ لە فەرهەنگ و زمانی کوردی بدرێتەوە.

بەرنامەی کوردیی \"شەوتان وەخێر\" کە ماوەی مانگێکە لە شەوانی شەممە هەتا چوارشەممە و بۆماوەی ٤٥ خولەک بڵاو دەبێتەوە، لەلایەن \"سووسەن ئیبراهیمی\"یەوە ئامادە دەکرێ و کۆمەڵێک بڕگەی وەک دنگی دڵ (هۆرە)، مۆر و سیاچەمانە، بەزم و رەزم )شاهنامەی کوردی)، سەفەر بۆ شار و گوندەکانی کرماشان و جەندین بەرنامەی دیکە لەخۆ دەگرێت.

پێشتر، بەکارهێنانی زمانی تەوس (طنز) بۆ ناساندنی زاراوەکانی زمانی کوردی لەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەدا ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و چالاکانی فەرهەنگیی کوردی لێکەوتبوویەوە.

ئەرەشیر کشاوەرز لێکۆڵەری کوردی خەڵكی کرماشان، وێڕای رەخنەگرتن لەوگاڵتە کردنە بەزمانی کوردی، رایگەیاندبوو؛ ئەمە چ پێویستییەکە، بۆ ناساندنی پڕ ناوەرۆک‌ترین و کۆن‌ترین زمانەکان، کە زمانی کوردییە، زمانی تەوس بەکار بهێندرێ\".