بەرموور ( ١_ ٢٠١٦ ) : ڕاپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

21:59 - 15 رێبەندان 2715
بەرموور: حەفتەی یەکەمی فێبریەی ٢٠١٦ ( ١_ ٢_ ٢٠١٦)

ئاژانسی کوردپا: ڕاپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژیی دوو ژن لە شنۆ و پیرانشار و نالەباربوونی دۆخی جەستەیی زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندان و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە بانگهێشتکردنی هاوسەری زیندانییەکی ئازەری زمان بۆ داگا لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستان

خۆکوژیی دوو ژن لە کوردستان

\"29465.jpg\"
لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا و لەدرێژەی ڕەوتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو ژن لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕێبەندان، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی \"کەوسەر ئەحمەد‏مامەش\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەتا ئێستا هۆ یان هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە کە لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو، نادیارە و بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ ڕوون نەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێ‏شەممە ١٣ی ڕێبەندان، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی پیرانشار بەناوی \"زەینەب هورموزی\" لەڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ناوبراو لە تەمەنی ١٥ ساڵانەوە لەگەڵ کەسێکی بەتەمنتر لە خۆی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی ببو.

پێش بە چارەسەری پزیشکی بۆ زیندانییەکی کورد دەگیردرێت

\"29467.jpg\"
سەرەڕای نالەباربوونی دۆخی جەستەیی یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی ژنی کورد، بەرپرسانی زیندانی شاری سنە، پێش بە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە دەگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەفیە سادقی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی شاری سنە ڕاگیراوە، تووشی ئازاری گورچیلە و دڵ بووە، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئیزنی پێ نادرێت کە بە مەبەستی چارەسەری سەردانی دەرەوەی زیندان بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکی بێهداریی زیندان ڕایگەیاندووە کە؛ \"ئەگەری زۆرە گورچیلەکانی ناوبراو لە کار بکەون\".

سەفیە سادقی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری سەلماسی پارێزگای ئورمیەیە. لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و دوو ساڵ دواتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان\"، سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو زیندانییە کوردە ماوەی ٥ ساڵە کە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا، لە مافی مەرەخەسی بێ‏بەش بووە.

ئێران

بانگهێشت‏کرانی هاوسەری زیندانییەکی سیاسی بۆ دادگا

\"29466.jpg\"
لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا، هاوسەری یەکێک لە زیندانیانی ئازەری زمان کە لە زیندانی شیراز ڕاگیراوە، بانگهێشتی دادگا کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕوقیە عەڵیزادە هاوسەری عەباس لسانی، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕێبەندان، بانگهێشتی دادگای شاری ئەردەبیل کراوە.

ناوبراو هەروەها چەندین جاریش لە ڕیگای تەلەفوونەوە هەڕەشەی لێ‏کراوە.

عەباس لسانی، چالاکی مەدەنیی بەندکراو لە زیندانی شیراز کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشووتر لە زیندانی ئەردەبیلەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی شیراز، لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ‏بەش کراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ مورد)
ماڵپەڕی \"هێرانا\" ( ١ مورد)
ماڵپەڕی ماف نیوز ( ١ مورد)

ئامادەکار: شاهۆ