بەرموور: پرژانە سەر ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی حەفتەی رابردوودا

20:04 - 19 رێبەندان 2713
حەفتەی سێهەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران .


\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە خۆکوژی ٢ ژنی کورد لە شارەکانی ئیلام و سەردەشت و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی ٢ ژنی کورد لە شارەکانی ئیلام و سەردەشت

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژنی کورد لە شارەکانی ئیلام و سەردەشت بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

\"18273.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٠ی رێبەندان ژنێک بە ناوی \"زیبا ئەحەدی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار زیبا ئەحەدی دایکی دوو منداڵ بووە و بە هۆی بەردەوامیی کێشە لەگەڵ مێردەکەی هەوڵی خۆکوژی داوە.

لە لایەکی دیکەوە،  ژنێک بەناوی شیلان ئیبراهیمی خەڵکی گوندی \"دۆڵەگەرم\"ی ناوچەی سەردەشت، بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن براو مێردەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و کوتان بوویەوە، لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕی داوەتە خوارێ و گیانی لەدەست داوە.

شیلان ئیبراهیمی، کە هاوسەری کەسێک بەناوی \"رەحمان\" بووە، لە ماوەی رابردوودا دوو جار داوای تەڵاقی لە مێردەکەی کردبوو، بەڵام رەحمان هیچ وەڵامێکی نەدابوویەوە.

ئەو ژنە کوردە پاش ٢ رۆژ راگیران لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت بە هۆی پژانی مێشکییەوە گیانی لەدەست دا.

ئێــــــــــران

درێژەی فشار بۆ سەر مریەم شەفیع‌پوور بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی

فشارەکان بۆسەر مریەم شەفیع‌پوور رووی لە زیادبووون کردوە و بەرپرسانی دادگا دژایەتییان لەگەڵ ئازادکرانی ناوبراو بە دانانی بارمتە کردووە.

\"18271.jpg\"
فشار بۆ سەر مریەم شەفیع‌پوور بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی درێژەی هه‌یه
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیران بە مریەم شەفیع‌پووریان راگەیاندووە، کە ئەگەر دان بە تاوانەکانیدا بنێت حوکمەکەی کەم دەبێتەوە.

هەروەها بنەماڵەی ئەو زیندانیە سیاسییەیان ترساندووە، کە ئەگەر زانیاری لەسەر کچەکەیان بڵاو بکەنەوە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ کچەکەیان لێ دەستێننەوە.
ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە ئیزنی چاوپێکەوتنی راستەوخۆیان بە مریەم و بنەماڵەکەی نەداوە و ئەوانیش لە ترسی ئەوەی کە تەنانەت (ملاقات تەلەفۆنی)یەکەیشی هەڵنەوەشێننەوە، ناوێرن باس لە دۆخی کچەکەیان بکەن.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی رێبەندان، دادگایی کردنی مریەم شەفیع‌پوور پاش ٧ مانگ دەستبەسەری، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە دادوەریی سەڵەواتی بەڕێوە چوو، کە دادوەر دژایەتی لەگەڵ ئازادکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتە، کرد.

مریەم شەفیع‌پوور رۆژی ٥ی گەلاوێژ و پاش ئەوەی، کە خۆی بە لقی ٢٠ی دادسەرای \"شهید مقدس\" ناساند، دەستبەسەر کرا.

ئەم کچە خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١ ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (١حاڵەت )