بەرموور: پرژانە سەر ٦ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەماوەی حەفتەی رابردوودا

20:58 - 7 بەفرانبار 2713
حەفتەی یەکەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٤ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەناوچەکانی دیکەی ئێران .

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە بێبەش کردنی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە مەرەخەسیی دەرمانی و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتین لە دەستبەسەرکردنی چالاکێکی ئازەری لە میاندواو و بانگهێشت‌کرانی هاوسەری چالاکێکی کرێکاری بۆ دادگا، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
مریەم موقەدەسی و زەینەب جەلالیان لە وەرگرتنی مرەخەسی دەرمانی بێبەش کراون

دوو زیندانیی سیاسی کوردی بەندکراو لە زیندانەکانی کرماشان و تاران سەڕەڕای نالەبار بوونی دۆخی جەستەییان لە وەرگرتنی مەرەخەسیی دەرمانی بێبەش کراون.

\"17603.jpg\"
دوو زیندانیی سیاسیی ژنی کورد بە ناوەکانی زەینەب جەلالیان و مریەم موقەدەسی مەرەخەسیی دەرمانییان پێ نادرێت
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دوو زیندانیی سیاسیی ژنی کورد بە ناوەکانی زەینەب جەلالیان و مریەم موقەدەسی کە چەندین ساڵە لە بەندیخانەدان، سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی جەستەییان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەریی پزیشکیی هەیە، مەرەخەسیی دەرمانییان پێ نادرێت.

بەرپرسانی بەندیخانەی دێزڵ‌ئابادی کرماشان لە حاڵێکدا لە دانی مەردەخەسیی دەرمانی بە زەینەب جەلالیان خۆ دەبوێرن کە ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە تووشی نەخۆشی چاو بووە و ئەگەری لە دەستدانی بینایی چاوەکانی لە ئارادایە.

زەینەب جەلالیان ژنە زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بە سێدارە مەحکووم کرا.
حوکمی سێدارەی ئەو ژنە زیندانییە کوردە لە \"دیوانی باڵای وڵات\" بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

لە لایەکی دیکەوە، مریەم موقەدەسی یەکێکی دیکە لە ژنە زیندنایانی سیاسیی کورد کەلە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کراوە، هەتا ئێستا مافی چوونە مەرەخەسیی دەرمانی پێ نەدراوە. ناوبراو مانگێک پێش ئێستا بە هۆی نالەباریی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ناو زیندان کرابوو.

مریەم موقەدەسی مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دواتر حوکمی ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

ئێــــــــــران
دوو چالاکی ژن لە تاران و گورگان دەستبەسەر کران

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا فاتمە ئیختساری یەکێک لەشاعیرانی لاوی ئێران و موژدە زهووری هاوسەری یەکێک لە چالاکانی بەهایی لە شاری کەرەج، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە د٤ستبەسەر کران.

\"17605.jpg\"
فاتمە ئیختساری شاعیری لاوی خەڵكی تاران هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی مێهدی مووسەوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی \"٢ی ئەلف\"ی سپا گوازراونەتەوە
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، فاتمە ئیختساری شاعیری لاوی خەڵكی تاران هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی مێهدی مووسەوی، دوای بانگهێشت کران بۆ دادسەرای ئێڤین، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی \"٢ی ئەلف\"ی سپا گوازراونەتەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە پەیجی تایبەتیی ئەو شاعیرە لاوە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لەلایەن هێزەکانی سایبری سپاوە دەستی هاک کراوە و کۆنترۆڵ دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، موژدە زهووری هاوسەری یەکێک لە چالاکانی بەهایی، لەلایەن هێزە کانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری گورگانەوە دەستبەسەر کرا.

موژدە زهووری، کە هاوسەری فەرهاد فەهەندژ یەکێک لە چالاکانی بەهایی بەندکراو لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجە، رۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاوڵاتییە بەهاییە دەستیان بەسەر کتێبە ئایینی، موبایل و هێندیکی دیکە لە کەرەسە تایبەتییەکانی ناوبراویشدا گرتووە.

فەرهاد فەهەندژ مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو دەستبەسەر و بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دەرچوونی حوکمی زیندان بۆ چالاکێکی ژن لە کەرەج و ئازادیی کوبرا بەنازادە لەزیندان

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی شاری کەرەج حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە و کوبرا بەنازادە ژنە زیندانیی سیاسی پاش تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

\"17604.jpg\"
کوبرا بەنازادەئەمیرخیزی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی حوکمەکەی، لەزیندان ئازاد کرا
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، پەروین زەندی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی شاری کەرەج بە تاوانی \"پروپاگەندە دژی نیزام\" بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. ناوبراو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی ئەو حوکمەی بۆ براوەتەوە.

پەروین زەندی یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی وەرامین بوو کە لە بەفرانباری ساڵی ٩١ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی ئارەش کەمانچە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرەجەوە دەستبەسەر و مانگی رێبەندانی هەمان ساڵ هەردووکیان بە دانانی ٢٠٠ میلیۆن تەمەن بارمتە ئازاد کرابوون.
لە لایەکی دیکەوە، کوبرا بەنازادەئەمیرخیزی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی حوکمەکەی، لەزیندان ئازاد کرا.

کوبرا بەنازادە ئەمیرخیزی کە بە ٦٠ سال تەمەنەوە کە بە یەکێک لە بە تەمەن‌ترین ژنە زیندانیانی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین بوو، رۆژی پێنج‌شەممە ٢٦ی سەرماوەز و دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی کە ٥ ساڵ بوو، لە زیندان ئازاد کرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٣حاڵەت )
ماڵپەڕی \"جرس\" ( ١ حاڵەت )