بەرموور، راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەربارەت بەپرسی ژنان

14:21 - 24 خاکەلێوه 2713
حەفتەی سێیەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"بەرموور\" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، \"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیە، گەڕانەوەی فاتمە پەرویزی بۆ زیندان، رێگری کردن لە نێدا شەهسەواری بۆ بەشداری کردن لە یارییە نێودەوڵەتیەکانی ئاسیا لە هۆنگ کۆنگ، بەردەوامیی دیاردەی خۆکوژیی ژنانی کورد، ئازادیی کاتیی سروور قوتبی لە زیندان و دەستبەسەر یەکێک لە چالاکانی ژنان لە ئوستانی فارس، لەخۆ دەگرێت.

هەروەها لەم راپۆرتەدا موشەخەساتی زیندانیانی ژنی زیندانی ئێڤین بەشێوەی خشتەیی دەخرێتە ڕوو.

کوردســـــــــتان

فاتمە پەرویزی گەڕایەوە بۆ زیندان

\"11972.jpg\"
فاتمە پەرویزی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شاری کەرەج، پێش ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت، رەوانەی زیندانی \"نەوشەهر\"ی ئۆستانی مازندەران کرایەوە.

فاتمە پەرویزی ژنە زیندانیی کورد، کە بەهۆی نالەباریی باری جەستەیی ماوەی ٥ رۆژ مەرەخەسیی بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی پێدرابوو، بەهۆی کەمیی کات و دووریی زیندان لە شوێنی بنەماڵەکەی، بەشێوەی پێویست چارەسەری پزیشکی بۆ نەکرا و لە ئەنجامدا رەوانەی زیندان کرایەوە.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە پزیشک پێی راگەیاندووە کە پێویستە ماوەیەکی زۆرتر لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابێت، بەڵام نابراو بەهۆی کەمیی کات تەنیا بۆ ماوەی ٢ رۆژ توانیویەتی سەردانی پزیشک بکات.

فاتمە پەرویزی بەتۆمەتی \"بێ‌ڕێزی کردن بە سەربازانی بێ ناونیشانی ئیمام زەمان\" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیزری حوکم دراوە و هەنووکە لە زیندانی شاری \"نەوشەهر\" ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

رێگری کردن لە بەشداری کردنی وەرزشکارێکی کرماشانی لە راکابەرییەکانی هۆنگ کۆنگ

\"11973.jpg\"
\"نێدا شەهسواری\" کچە وەرزشوانی کوردی خەڵکی کرماشان بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی وەرزشی پینگ پۆنگی ئاسیا، لەگەڵ دژایەتیی شۆرای \"برون مرزی\" یارییە نێو دەوڵەتییەکانی ئێران، بەرەوڕوو بوویەوە.

\"شۆرای بروون مەرزی\" یارییەکان بەو کچە یاریزانەیان راگەیاندووە، ژنێک بەتەنیا بۆی نییە لە یارییە نێو نەتەوەییەکاندا بەشداری بکات، ئەوەش لە کاتێک دایە کە پێشتر ١ ژنە یاریزان هاوڕێ لەگەڵ پیاوێک لە یارییە نێودەودەتییەکاندا بەشداری کردووە.

دژایەتی کردنی لەگەڵ بەشداری کردنی نێدا شەهسواری لە حاڵێک دایە، کە بڕیار بوو ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ \"نووشا و نیما عالەمیان\" لەو یارییانەدا بەشداری بکات.
بیست و شەشەمین خولی یارییەکانی پینگ پۆنگی کاپی ئاسیا رێکەوتی ٢٣ هەتا ٢٥ی خاکەلیوەی ئەمساڵ لە وڵاتی \"هۆنگ کۆنگ\" بەڕێوە دەچێت.
ژنان / خۆکوژی ئاسان‌ترین رێگە بۆ دەربازبوون لە کێشەکان!

\"11976.jpg\"
هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە خۆکوشتنی ژنان و کچانی کورد لە دەستپێکی سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا دەرخەری ئەوەیە لە ماوەی ئەمساڵیشدا دیاردەی خۆکوشتن یەکێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەبێت.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوبوونەتەوە، لەماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا ٥ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆ کوژی کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

لە شاری ماکۆ ٤ ژن و کچی کورد کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ هەتا ٢٠ ساڵ دایە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دەستیان داوەتە خۆکوژی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پیش ئێستا کچێک بەناسناوی \"عەلەم هوولی\" کچی حەسەن، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری ماکۆ بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"قزڵ ئارخ\"ی سەربە شاری ماکۆ بووە کە ماوەیەک پیش ئێستا بەشێوەی زۆرەملی بە شوو درابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی شەممە ریکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ژنێکی دیکە بەناوی \"شاناز هادیان\" تەمەن ١٨ ساڵ و کچی مەجید، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ٦٠%ی لەشی تووشی سووتان بووە و باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیر راگەیاندراوە.

ئەو کچە خەڵکی گوندی \"کش ئارخی\" سەربە شاری \"شووت\" بووە و ماوەی ٧ مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ کچێک بەناوی \"چینەم ئەمویی میلان\" تەمەن ١٨ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەروەها رۆژی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، کچی \" بەکر رەسووڵی\"، خۆی خستوەتە نێو چۆمی \"قەرەسوو\" و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هەروەها لەو رۆژەدا ژنێکی دیکەی خەڵكی \"پیرانشار\"یش بەناوی \"نەسرین\" بەهۆیەکی ناڕوون دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەجامدا گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە تەمەن ٣٨ ساڵە، هاوسەری عەبدوڵقادر داسە و خاوەنی ٣ منداڵ بووە.
ئێـــــــــــــران

ئازادیی کاتیی سروور قوتبی لە زیندان

بەپێی ئەو هەواڵانە کە بڵاوبونەتەوە، سروور قوتبی (ئەنوەری) بە دانانی فیشی وەرگرتنی مووچە، بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بەهاییە رۆژی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی فیشی مووچە ورگرتن لە دادگا، بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

سرور قوتبی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی \"ئیسفەهان\"ـە کە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمەی سالی ٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی \"ئارمان ئەنوەری\" لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسالمیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
دەستبەسەر کرانی جەمیلە کەریمی لە شیراز

\"11974.jpg\"
جەمیلە کەریمی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئوستانی \"فارس\" دەستبەسەر کرا.

سەرلە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە، مەئموورانی ئیتلاعاتی ئوستانی فارس \" جەمیلە کەریمی\"یان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کردووە و بۆ ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان راگواستووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی جەمیلە کەریمی، کۆمەلێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشیان زەوت کردووە.

جەمیلە کەریمی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ئێعتلافی رێفۆرمخوازانی ئوستانی فارس و هەروەها یەکێک لە واژۆکارانی نامەی ٩١ کەسایەتیی سیاسی بۆ بانگهێشتی سەید محەممەد خاتەمی بۆ خۆ پاڵاوتن لە خولی یازدەهەمی سەرکۆماری ئێران بووە.

ناو و موشەخەساتی زیندانیانی ژن لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران

لەم راپۆرتەدا \"بەرموور\" بۆ زیاتر زەق کردنەوەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە چالاکانی ژنی زیندانی کراو، ناو و موشەخەساتی زیندانیانی ژن لە زیندانی ئێڤین بە شێوەی خشتەیی دەخاتە ڕوو.

\"11981.jpg\"


\"11982.jpg\"


سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
نێدای سەوزی ئازادی