بەندیخانەی ورمێ؛ ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی شلێر مامقادری، ژنی کوردی تووشبووی شێرپەنجە
۲۹ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "شلیر مامقادری" ژنی ٣٤ ساڵانی کوردی خەڵکی مەهاباد، ئاخرین زانیارییەکان نیشانی دەدەن کە بەسەختی لەژێر ئەشکەنجەی فیزیکیدایە؛ بە جۆرێک کە هێزە ئەمنییەتییەکان ناچار کراون لەژێر ڕێوشوێنی چڕی ئەمنییەتیدا بۆ نەخۆشخانەی ڕاگوێزن تاکوو نەشتەرگەریی بۆ بکرێ. بەم حاڵەوە سەرەڕای تەواونەبوونی ڕەوتی چارەسەر و پێڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی، دووبارە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندخانەی ورمێ و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانیشی بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شلێر مامقادری بە هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە تووشی شکان و خوێنڕێژیی جەستەی بووە، بۆیە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام پێش تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەرەکەی، گەڕێندراوەتەوە بەندیخانەی ورمێ، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو جگە لەوەی کە شێرپەنجەی هەیە،سەرپەرستی دوو منداڵیشە و هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵیان بێبەری کراوە.
کوردپا پێشتر لە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا و هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "شلێر مامقادری" باسی لە بێبەریکرانی ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها ئەشکەنجەی توندی جەستەیی ناوبراو کردبوو. ئەو ئێستا لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و ڕەوتی بێبەریکرانی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ منداڵەکانیشی درێژەی هەیە. بە سەرنجدان بەوەی کە شێرپەنجەی مەمکی هەیە، دۆخی جەستەییشی بەجیددی جێگای نیگەرانییە، بەتایبەت کە لە شوێنێکی نادیاردا لەژێر ئەشکەنجەدایە.
شلێر مامقادری کە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤ـەوە تاکوو ئێستا دوو جار دەسبەسەر کراوە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکە و سەرپەرستی دوو کچەکەی خۆیەتی. بەم حاڵەوە لە هەر دوو قۆناغی دەسبەسەکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و منداڵەکانی بێ سەرپەرست ماونەتەوە. ناوبراو لە ماوەی ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار پێوەندیی چەند چرکەیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو لە هەژدەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا کرد و نووسی کە هیچ زانیارییەک لە دۆخی لەبەر دەستدا نییە و لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە.
شلێر مامقادری سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەمە دووەمین دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودایە.
لە نیوەشەوی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا، دەیان هێزی ئەمنییەتیی چەکدار بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەی و بە توندوتیژی، هەڕەشە و جنێودان ناوبراویان دەسبەسەر کرد؛ لە کاتێکدا کە تەنانەت دەرفەتی لەبەرکردنی جلوبەرگی گونجاوی پێ نەدراوە. ناوبراو بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگوێزرا و لە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا پاش دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بە وتەی سەرچاوەکان ناوبراو کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توند جەستەیی و دەروونی و لاقێکی شکاوە؛ بە جۆرێک کە پاش ئازادکرانی ڕاستەوخۆ چووەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە و پێویستیشی بە درێژەدانی وەرگرتنی چارەسەر بووە. ناوبراو لەو دەسبەسەرکرانەدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانی بێبەری کراوە و تەنیا دوو پێوەندیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
ئەم دەسبەسەرکرانانە لەکاتێکدان کە شلێر مامقادری زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ شێرپەنجە شەڕ دەکات و دەرمانی کیمیایی وەردەگرێ و بەردەوام پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان هەیە. بەم حاڵەوە لە هەر دوو قۆناغی دەسبەسەرکراندا، ئیزنی پێ نەدراوە دەرمانەکانی لەگەڵ خۆی ببات.
شلێر مامقادری بە پاکوخاوێنکردنەوەی ماڵان بژێوی ژیانی خۆی بەدەست هێناوە و تێچووی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین کردووە. بە درێژەکێشانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو منداڵەکانی بێ سەرپەرست ماونەتەوە و نیگەرانییەکان لەمەر دۆخی ئەوانیش پەرەی سەندووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم ژنە لاوە بڵاو نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، پێڕاگەیشتنی پزیشکی و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری کراوە. ئەم دۆخە لەپاڵ دۆخی ژیانی ناوبراو، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆیی ناوبراو و منداڵەکانی زۆر کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، کوردپا بە جەختکردنەوە لەسەر سەرەڕۆیانەبوونی دەسبەسەرکرانی شلێر مامقادری، بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی ناوبراو و بێبەریکرانی لە درمانەکانی تایبەت بە شێرپەنجەکەی و بەتەنیا مانەوەی منداڵەکانی، ئەم حاڵەتانە بە نموونەگەلێک لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، بەتایبەت بەرانبەر بە ژنان و منداڵان، هەڵدەسەنگێنێ؛ پێشێلکارییەک کە لە سێبەری پێکهاتەی زاڵ لە کۆماری ئیسلامیدا، بە بێ هەر چەشنە پشتیوانییەکی کارا لەم کەسانە، درێژەی هەیە.