پیرانشار؛ ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی واحید سوڵتانی
۲۷ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لاوێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "واحید سوڵتانی"، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پاریزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "واحید سوڵتانی" کوڕی تاهیر، ٢١ ساڵان و خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ناوبراو، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی ناوبراو نەدراوە و بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکیان لێی نییە و ئەمەش نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی ناوبراوی پەرە پێ داوە.