بۆکان؛ ۸ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەستی محەممەدی دایکی دوو چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات

21:40 - 29 بانەمەڕ 2726

٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئەستی محەممەدی" ژنی کوردی تەمەن ٦٧ ساڵانی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هێشتا زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەستی محەممەدی" کچی حاجی غەفوور، تەمەن ٦٧ ساڵان و خەڵکی "میراوێ"ی بۆکان لە پارێزگای ورمێ، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا. لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەم ژنەدا، مۆبایل و لەپتابی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی بە بێ مۆڵەتی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە .
ئەستی محەممەدی دایکی دوو کەس لە چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی ئێرانە. ناوبراو بە هۆی لەسەرەوەبوونی تەمەنی بە بەردەوامی پێویستی بە دەرمان هەیە، بەڵام لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی خۆی بێبەری کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ زانیارییەکیان نەداوە. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و کەسانی نزیکی، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی ئەم ژنە بە بنەماڵەکەی نەدراوە و ئەوان نیگەرانی دۆخ و چارەنووسی ناوبراون.