سەراوڵە/ ئیلام؛ ١٢ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووس و ئەشکەنجەی ئەرشیا قەیسەربەیگی وەپاڵدانی تۆمەتی "موحاربە و افساد فی‌الارض" لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ

12:28 - 28 بانەمەڕ 2726

٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ "ئەرشیا قەیسەربەیگی" لاوی کوردی خەڵکی سەرواڵە سەر بە پارێزگای ئیلام کە ماوەی ١٢ ڕۆژە بەشێوەی توندوتیژانە و بە لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێدا لەگەڵ ئەشکەنجەەی توند لەگەڵ تۆمەتی قورسی "موحاربە و افساد‌فی‌الارض" بەرەوڕوو بووەتەوە؛ تۆمەتگەلێک کە مەترسیی حوکمی قورس، لەوانە سێدارەی بۆ ناوبراو زۆر کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە پاریزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان بۆ تەواوکردنی لێپرسینەوەکانی لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا لەژێر ئەشکەنجەدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: "ئەرشیا قەیسەربەیگی" ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراوە؛ بەجۆرێک کە لێدانەکە بووەتە هۆی شانی شەویلکە، لووت و ددانەکانی.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەتییەکان هاوکات لە هەوڵی دەسبەسەرکردنی براکەی بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" بوون بەڵام نەیانتوانی دەسبەسەری بکەن.

پاش ئەم دەسبەسەرکرانە توندوتیژە، هێزە ئەمنییەتیەکان ئەشیایان بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ڕاگواستووە. ئەو ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەهەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و لێپرسینەوەکانی لە ژووری تاکەکەسی، لەگەڵ ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە برینەکانی، بەردەوامە.
ڕۆژێ پاش دەسبەسەرکرانی ئەرشیا قەیسەربەیگی، لە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، دادگای گشتی و ئینقلابی چارداوڵ لە پارێزگای ئیلام بە واژۆی "کەریم ئومیدی" دادوەری دادگا و جێگری لێپرس، بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ناوبراویان دەر کرد. بەپێی ئەم بڕیارە ناوبراو بە پشتبەستن بە "دانپێدانان" بە تۆمەتەکانی "موحاربە و افساد فی‌الارض" تۆمەتبار کراوە و دەسبەسەرکرانی کاتیی ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.

دەقی ئەم فەرمانی دەسبەسەرکردنە وردەکاری تۆمەتەکانی " موحاربە و افساد فی‌الارض، کە بریتین لە: موحاربە و افساد فی‌الارض، و نمایشکردنی دەسەڵات بە چەک، و کڕین، فرۆشتن، هەڵگرتن، گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و هتد بە شێوەیەکی نایاسایی، و تەقەکردنی بێ مۆڵەت"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم تۆمەتانە "بەپێی هۆکار و بەڵگەی بەردەست، لەوانەش: بەپێی ڕاپۆرتی مەئمووران و لیستی تۆماری دۆزینەوە و دەستگیرکردنەکە، و دانپێدانان و لێدوانەکان کە ڕاست و دروستن."

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی کوردپا دەڵێن ئەرشیا قەیسەربەیگی پاش دەسبەسەرکران بەسەختی و بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگراوە و ئەمە تۆمەتانەش لەسەر بنەمای ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە وەپاڵی دراون.

لە دەقی بڕیاری دەبەسەرکرانە کاتییەکەدا جەخت کراوەتەوە "دانپێدانان و وتەکانی لەوپەڕی تەندروستیدا" لێ وەرگیراوە، بەڵام ئەرشیا قەیسەربەیگی هەم لە کاتی دەسبەسەرکرانی توندوتیژ لەگەڵ شکانی لووت، شەویلکە و ددانەکانی بەرەوڕوو بووەتەوە و هەم لە کاتی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لەژێر ئەشکەنجەی قورسی فیزیکیدا بووە؛ بابەتێک کە لەگەل بانگەشەی "سڵامەتی و تەندروستی" لەکاتی وەرگرتنی دانپێدانانەکە لە پارادۆکسدایە.

هەروەها لەکاتێکدا کە لەم بڕیاری دەسبەسەرکرانە دوو مانگەیەدا، بە پشتبەستن بە بڕگەی ٢٢٥ی یاسایی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، ئاماژە بە "تێگەیاندن و ڕاگەیاندن"ی وردەکاریی بڕیارەکە بە تۆمەتبارەکە کراوە و لە دەقی ئەو بڕیارەدا هاتووە کە ئەرشیا قەیسەربەیگی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا مافی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەی هەیە و ئەم بەڵگەیەش بە واژۆی خۆیەوە تۆمار کراوە، بەڵام ئەم پرسیارە گرینگە هەیە کە کەسێک کە لە ژووری تاکەکەسیدا، لەژێر ئەشکەنجە، بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەریکردن لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی ڕاگیراوە، چۆن دەتوانێ لە مافی یاسایی خۆی بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری دەسبەسەرکران کەڵک وەربگرێت.

کوردپا دەسبەسەرکرانی توندوتیژی ئەرشیا قەیسەربەیگی، ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ناوبراو، ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسی و بێبەریکرانی لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵەی بەتوندی مەحکووم دەکات و ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای پرسی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و مافی بنەڕەتیی مرۆڤ دەزانێت.

لەکاتێکدا کە لە بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەدا هاتووە "دانپێدانان لە سڵامەتی و تەندروستیی تەواو"دا وەرگیراوە، ڕاپۆرتەکان باس لە شکانی شەویلکە، لووت و ددانەکانی و درێژەی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو دەکەن؛ پرسێک کە پارادۆکسێکی جیددیی لەگەڵ ئیدعای ناوەندە دادوەرییەکان و دۆخی ڕاستەقەینەی ئەرشیا قەیسەربەیگی هەیە.

کوردپا بەنیسبەت مەترسیی دەرکردنی حوکمی قورس، لەوانە لەسێدارەدان، لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ نیگەرانیی دەبڕیوە و خوازیاری ڕاگرتنی ئەشکەنجە، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەر و پێڕاگەیشتنی پزیشکی و ڕەچاوکردنی بنەمای پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانەیە.