بەرموور (٢٠_94) : راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

14:59 - 28 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لەدەستبەسەر کرانی ژیلا نگەهدار لە شاری سنە و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە بانگهێشت کرانی مەعسوومە زیا بۆ پۆلیسی ئەمنیەت و بێبەش کرانی خوێندکاریکی دیکی بەهایی لە مافی درێژەدان بە خوێندن لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی چوارەمی مانگی خەرمانانی١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

سنە: چالاکێکی مەدەنی کورد دەستبەسەر کرا
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، چالاکێکی مەدەنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

\"28669.jpg\"
ژیلا نگەهدار
رۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانان، هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی کورد بە ناوی ژیلا نگەهدار و دەستبەسەریان کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە لیباس شەخسییەکان بە بێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی هێرشیان کردووە سەر ژیلا نگەهدار و وێڕای دەستبەسەر کرانی ناوبراو، دەستیان بە سەر کەلوپەلە تاکە کەسییەکانیشدا گرتووە.
ژیلا نگەهدار ئێستا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت راگیراوە و هەوڵەی بنەماڵەکەشی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئێران

بانگهێشت کرانی مەعسوومە زیا بۆ پۆلیسی ئەمنیەت

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی ژنی پەیڕەوی \" عرفان حلقە\" بانگهێشتی پۆلیسی ئەمنییەت کرا.
\"28670.jpg\"
مەعسوومە زیا
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا مەعسوومە زیا یەکێک لە چالاکانی ژنی پەیڕەوی ئایینی \"عرفان حلقە\" لە رێگەی تەلەفوونەوە بانگهێشتی پۆلیسی ئەمنیەت کراوە.

لە رێکەوتی ١٨ی رێبەندانی ساڵی رابردوو، دادگای شۆڕشی تاران، مەعسوومە زیا پێڕەوی \" عرفان حلقە\"ی بە تۆمەتی \" تێکدانی نەزمی گشتی لە رێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی\"بە ١ ساڵ زیندان و ٧٤ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو.

خوێندکاریکی دیکەی بەهایی لە خوێندن بێبەش کرا

لە درێژەی رەوتی بێبەشکردنی خوێندکارانی بەهایی لە مافی خوێندن لە زانکۆکانی ئێران، خوێندکارێکی دیکە پەیڕەوی ئەو ئایینە لە خوێندن بێبەش کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە هاوڵاتییەکی بەهایی دانیشتووی تاران بەناوی مەهیارە نداف دوای بەدەستهێنانی پلەی ١٨٠٩ لە کونکوری سەراسەری ئێران، بە بیانووی کەمووکۆڕی لە پەروەندەکەیدا لە مافی خوێندن لە زانکۆ بێبەش کرا.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بە بیانووی \" کەمووکۆڕی لە پەروەندە\"کەیاندا لە مافی خوێندن لە زانکۆکانی ئێران بێبەش دەکرێن و هیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی وڵامدەری سکاڵاکانیان نییە.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(1حاڵەت)
ماڵپەڕی \"هێرانا\"( 1حاڵەت)
ماڵپەڕی \" سحام نیوز\" ( ١ حاڵەت)