بەرق گرتوویی گیانی کرێکارێکی کوردی ئەستاند

20:00 - 16 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری سەرپێل زەهاو لە کاتی کار کردن تووشی بەرق گرتوویی بوو و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز، کرێکارێکی لاو، لە بینایەکی ٥ نهۆمی لە گەڕەکی میراتی فەرهەنگی شاری سەرپێل زەهاو تووشی ڕووداوی بەرق گرتوویی بوو.

شوناسی ئەو کرێکارە تەمەن ٢٤ ساڵە \" جیم.کاف\" ڕاگەیەنراوە.

هەواڵدەریی ئیرنا لەم باریەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کرێکارە لاوە خەریکی بەستنی داربەست بووه کە بە هۆی دەرچوونی یەکێک لە میللەکانی داربەست و پچڕاندنی کابڵی کارەبا تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.

شاری سەرپێلی زەهاو لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٩٠ هەزار حەشیمەتی هەیە.

لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٤٩٤ کەس لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە کە مەرگی٢٤٧ کەسیان بە هۆی ڕووداوی لێدانی تەزووی کارەباوە بووە.