بەردەوامیی ئەستاندنی پارە و \"سووکایەتی\" کردن بە قوتابییان

12:22 - 15 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بەردەوامی ئەستاندنی پارە لە قوتابییان لە ناوچەکوردشینەکانی ئێران، قوتابییانی دوو قوتابخانەی شاری سەقز داوای بڕە پارەیەکی بەرچاویان لێ دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتایی \"فیردەوسی\" لە شەقامی ساحلی و قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی \"ئەلزەهرا\"ی شاری سەقز داوای ٢٥٠ هەزار تمەن پارەیان لە قوتابیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەوالنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەگەر هەر قوتابییەک ئەو بڕە پارەیە بە قوتابخانەکان نەدات، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەکەو \"تەحقیر(سووکایەتی)\" پێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە؛ هەتا ئێستا تەنیا ژمارەیەک لە قوتابییان ئەو بڕە پارەیان بە قوتابخانەکە داوە، بەڵام زۆربەی قوتابییان بەهۆی دەستکورتیی بنەمالەکەیانەوە توانای دابین کردنی ئەو بڕە پارەیان نەبووە.

دەگوترێت، ئەم کارەی بەرپرسانی قوتابخانەکان لەمەڕ سووکایەتی کردن بە قوتابیان، نیگەرانیی لای بنەماڵەو قوتابیان دروست کردووە و ناڕەزایەتییان بەو هەڵوێستەی بەرپرسانی قوتابخانەکان دەربڕیوە.