بەردەوامیی ئەستاندنی پارە لە قوتابییان بۆ دابین کردنی سووتەمەنی

14:37 - 16 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران، قوتابییانی ناوچەی بۆکانی بۆ دابین کردنی سووتەمەنی، پارەیان لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسی قوتابخانەی گوندەکانی \"بەردەزەرد، دەروێشاڵی، قوڕەبەراز، یەکشەوە، قاتانقوڕ و یاسیکەند\"ی سەربە ناوچەی بۆکان، بڕی ١٢ هەتا ٢٥ هەزار تمەنیان لە قوتابیان وەرگرتووە.

پێشتریش بەرپرسی قوتابخانەی گوندی \"عەلیاباد\"ی ناوچەی بۆکان بڕی ٥٠ هەزار تمەنیان پارە لە قوتابییان وەرگرتبوو.

\"17232.jpg\"
لە رۆژانی رابردووشدا ئیدارەی پەروەردەی شاری شنۆ بە بەرپرسی قوتابخانەی گوندی \"نەرزیوێ\"ی سەربە شاری \"شنۆ\"ی راگەیاندبوو، دەبێ بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بڕە پارەیەک لە قوتابییان وەربگرن.

شاهید عەلەوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کرد، بەپێی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران، خوێندن بۆ منداڵانی \"(واجب تحصیل)\" بەخۆڕاییە، بەڵام لە کردەوەدا قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە بیانووی جۆراوجۆر لە پرۆسەی خوێندندا و لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی خوڵی فێرکاریی غەیرە دەرسی، پارە لە قوتابییان ئەستێنن.

ناوبراو باسی لەوەش کردبووە کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی فشاری وەزارەتی پەروەردە بۆسەر بنەماڵەی قوتابییان ئەوەیە کە دەیانهەوێ قوتابخانەکان بخەنە چوارچێوەی کەرتی تایبەتەوە، لێرەدا دەسەڵات بەهیوایە کە تێچووی پڕۆسەی خوێندن بخاتە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابییان، لەهەمان کاتیشدا دەیهەوێ هەیمنە و هێژمۆنیی خۆی بەسەر ناوەرۆکی وانە دەرسییەکان و سیستەمی خوێندندا زاڵ‌تر بکات.