بەردەوامیی گوشاری ‌هێزە ئینتزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی شاری شنۆ

14:08 - 29 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی ماهوارە لە شاری شنۆ دەستی پێکردووە و رێژەیەکی بەرچاو لە ماهوارەی دانیشتوانی ئەو شارە بەدەستی هێزە ئینتزامییەکان زەوت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەر دەیان دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی کورد لە گەڕەکەکانی شاری شنۆ لەلایەن هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کۆ کرایەوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی شاری شنۆ، لە ماوەی رابردووشدا شەپۆلی پارازیت بۆ سەر کەناڵە ئاسمانییەکان لە ئارادا بووە و زۆربەی کەناڵە کوردییەکان بەرەوڕووی شەپۆلی پارازیت بونەتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە پێشتر لە ئاژانسی کوردپا بڵاو کراونەتەوە، لە شارەکانی \"کامیاران، دیواندەرە، بۆکان، سەقز، سنە و مەریوان\" ماهوارەی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کۆکراوەتەوە و لە زۆربەی شوێنەکانیش بەرەوڕووی سزای نەختی بوونەتەوە.

\"16174.jpg\"
ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی یاسای قەدەغە کردنی ماهوارە لە وڵاتی ئێران پەسند کرا و بەپێی تێبینیی ماددەی دووەمی ئەو یاسایە بڕیار بوو : \"ماوەی کۆکردنەوەی کەلوپەلی ماهوارە لە رێکەوتی پەسند کرانی ئەو بڕیارەوە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت\".

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە هەتا ئێستا پاش تێپەڕینی ١٩ ساڵ، ئەو یەک مانگە تەواو نەبووە و بە بڕوای زۆربەی کارناسان \"کەڵک وەرگرتن لە ماهوارە گشتگیر بووەتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێ رێگری لە گشتگیر بوونی ماهوارە بکات\".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە حکوومەتییەکانی ئێران لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری شیراز بە کەڵک وەرگرتن لە تانگ و زرێ پۆش سەدان دیشی ماهوارەیان لەناو برد.

پێشتریش سپای پاسدارانی حکوومەتی لە ئوستانی \"بووشێهر\" لە رێوڕەسمێکدا لەژێر ناوی \"ماهوارە سووزان\" دەیان دەزگا و دیشی ماهوارەی زەوت کراوی هاووڵاتییانیان لەبەر چاوی خەڵک ئاگر تێبەردا.