بەردەوامیی ناڕەزایەتیی ٢٣٥ کرێکاری لەسەر کار دەرکراو لەشارەکانی سنە و قوروە - نوێ کرایەوە

17:27 - 20 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ پێنجشەممە کرێکارانی لەسەر کار دەرکراوی کارگەی \"ذوب آهن\" زاگرسی شاری قوروە بۆ رۆژی دووەم لەبەر دەم ئوستانداریی شاری سنەدا کۆبوونەوە.

سەرلەبەیانی رۆژی رابردووش ٢٣٥ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی کارگەی \"تواندنەوەی ئاسن\"ی زاگرۆس لە شاری قوروە کە سەرجەمیان پێشینەی ١٠ هەتا ٢٣ ساڵ کاریان لەو کارخانەیەدا هەبووە، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکرانیان لە بەردەم ئیدارەی کاری شاری قوروەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان پێکهێنا.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی کرێکارانی کارگەی زاگرۆس، بەرپرسانی ئەو کارخانەیە رایانگەیاندووە کە چەندین کوورەی ئەو کارخانەیە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە، بۆیە رەوتی بەرهەم هێنان هیچ قازانجێکی نییە و ئێمەش ناتوانین مووچەی کرێکارەکان دابین بکەین.

بە وتەی نوێنەری ئەو کرێکارانە، بەرپرسانی کارگەی زاگرۆس مووچەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ و هەروەها بڕی ٨٠٠ هەزار تمەن لە مووچەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییان بەو کرێکارانە نەداوە.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لەزاری یەکێک لە کرێکارانی کارخانەیەوە بڵاوی کردەوە، زۆربەی ئەو کرێکارانە بەپێی یاسای کار لە وڵاتی ئێران لە بەرەبەری تەمەنی خانەنشین کراندا بوون، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کارگەی زاگرۆس لەمەڕ نەدانی سەهمییەی ٤%ی بە رێکخراوی \"تامین اجتماعی\" لە خانەنشین کرانی ئەو کرێکارانە رێگری کرا.

٢٨٥ کرێکار لە کارگەی \"زاگرۆس\"دا سەرقاڵی کار کردن بوون کە ٢٣٥ کەسیان بەبیانووی \"گیروگرفتی ئابووری\" و بەبڕیاری خاوەنکار لەسەر کار دەرکران.

\"13871.jpg\"

\"13869.jpg\"

\"13873.jpg\"

\"13870.jpg\"

\"13874.jpg\"