بەردەوامیی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی زاگرۆس و داخرانی یەک لەسەر سێی کارخانەکانی کوردستان

16:12 - 29 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی لێژنەی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیدارەی کاری شاری قوروە، کرێکارانی شیرکەتی پۆڵای زاگرۆس لەبەر دەم ئەو ئیدارەیەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان (لێژنەی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان)ی سەربە ئیدارەی کاری شاری قوروە، لەگەڵ نوێنەرانی کرێکارانی شیرکەتی پۆڵای زاگرۆس کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەی رۆژی رابردووی لێژنەی بەدواداچوونی ئیدارەی کاری شاری قوروە لەگەڵ نوێنەرانی کرێکارانی شیرکەتی پۆڵای زاگرۆس، سەبارەت بە دەرکرانی کرێکاران و داخرانی ئەو شیرکەتە لەلایەن خاوەن شیرکەتەکەوە بەرێوەچووە، کە هاوکات کرێکارانی ئەو شیرکەتە لەبەر دەم ئیدارەی کاردا کۆبوونەوەیان پێکهێناوە.

پێشتریش کرێکارانی ئەو شیرکەتە لە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ بە نیشانەی لەسەرکار دەرکرانیان و دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە ناوشاری سنەدا وەڕێخست، کە سەرئەنجام رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان خاوەنکار مووچەی دواکەوتووی دایە کرێکاران.

ماڵپەڕی یەکیەتیی ئازادی کرێکاران لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە، جەعفەر عەزیم‌زادە کە هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کرێکاران ئامادەی کۆبوونەوەکە ببوو، لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە ئاستەنگی بۆ دروست کراو ولە ئەنجامدا ناڕەزایەتیی کرێکارانی لێکەوتەوە، کە بەرپرسان ناچاربوون ئیزنی بەشداری کردن بەو چالاکە کرێکارییە بدەن.

ئەو سەرچاوەیە نووسیویەتی: لەو دانێشتنەدا نوێنەرانی کرێکاران پێداگرییان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە خاوەن شیرکەتەکە بە مەبەستی دەرکردنی کرێکاران و بێکارکردنیان، شیرکەتەکەی داخستووە و نوێنەرانی کرێکاران خوازیاری بەدواداچوون و گەڕانەوەی کریکاران بۆ سەر کارەکانیان بوون.

لەلایەکی دیکەوە عەباس سەفەری لە لێدوانێکدا بە هەواڵدەریی کاری ئێران، باسی لە داخرانی یەک لەسەر سێی کارخانە و شیرکەتەکانی ئوستانی کوردستان کردووەو رایگەیاندووە، ئوستانی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە شیاوی تواناییەکانی بێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە گوتووشیەتی: پێویستە قەرەبووی دواکەوتوویی ئابووری، نەهێشتنی کێشەی بێکاری، نەهێشتنی هەژاری بکرێتەوەو هاوکات پەرە بە بواری ئابووری و چوونەسەرەوەی ئاسایش لە ئوستانی کوردستاندا بدرێت.