بەردەوامیی فشاری هێزە نیزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد

14:57 - 24 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان چەندین دەزگا ماتۆڕ سیکلێت و دیش و ماهوارەی هاووڵاتیانیان زەوت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەکان چوونە گوندی جانەوەرەی سەربە شاری مەریوان و وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بە هاووڵاتییان، دەستیان بە کۆ کردنەوەی دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان دا گرت.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دوو دەزگا ماتۆڕ سیکلێتی دانیشتوانی گوندی جانەوەرەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

سەرچاوەکە گوتیشی، هێزە ئینتزامییەکان بەبێ مۆڵەتی دادگا و ئیزنی خاوەن ماڵەکان چوونەتە ناو ماڵەکان و ماڵەکانێشیان پشکنیوە.

فشاری هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆسەر هاووڵاتییان لە حاڵێک دایە، کە حەسەن رۆحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا باسی لەوە کردبوو، \"پێویستە دۆخێک بخولقێت کە هاووڵاتییان بە شێوەی یەکسان کەڵک لە تەکنۆلۆژی و پێشکەوتنەکانی سەردەم و کرانەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وەربگرن\".

هەروەها لە بەشێکی دیکە لە بەڵێنییەکانیدا رایگەیاندبوو، \"جیهان لە حاڵی گەشە سەندن دایە، بەڵام ئێمە هەتا ئێستاش لە ناو کێشە بچووکەکاندا ماوینەتەوە و پێویستە بۆ گەیشتن بە بە پێشکەوتن هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ\".

سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنییانەی حەسەن رۆحانی لەمەڕ کرانەوەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێران، رەوتی فشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵاتی و هەروەها لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد هیچ گۆرانێکی بە خۆیەوە نەبینیوە\".