بەردەوامیی شەڕ و پێكدادان لە دیمەشق/ ئەگەری لێكهەڵوەشانی ئەرتشی سووریە

15:52 - 31 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: بەپێی هەواڵ و راپۆرتی ئاژانسەكان، تێكهەڵچوونەكان لە دیمەشق و دەورووبەری بەردەوامە و هەڵاتنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتانی دەورووبەر رووی لە زیاد بوون كردووە و هاوكات ئەگەری لێكهەڵوەشانی ئەرتشی ئەو وڵاتەش لە ئارا دایە.

ماڵپەڕی دۆیچەویڵە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، ئەرتشی سووریە پاش تەقینەوەوەكەی دیمەشق لە هەوڵی وەرگرتنەوەی هێندێ‌ ناوچەی دەورووبەری دیمەشق دایە، هەر بۆیە ئۆپەراسیۆنێكی بەربڵاوی دسەت پێكردووە و بەپێی راپۆرتەكان ئەو ئۆپەراسیۆنە لە هێندێ‌ ناوچە سەركەوتوو نەبووە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، دژبەرانی بەشار ئەسەد وتوویانە رۆژی هەینی توانیویانە كۆنترۆڵی سێ‌ بنكەی نیزامی لە سنووری توركیە بەدەستەوە بگرن و هاوكات رێژەی نیزامییانی جیابۆوە لە ئەرتش روو لە زیاد بوونە.
\"5356.jpg\"
زیادبوونی نیزامییانی جیابۆوە لە ئەرتشی سووریە
بە وتەی دژبەران لە رۆژانی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان سووریە لەگەڵ لوبنان و توركیە چەندین تێكهەڵچوون لە نێوان ئەرتشی ئەو وڵاتە و \"ئەرتشی ئازادی سووریە\" رووی داوە و هاوكات شەپۆلێكی بەربڵاو لە كۆچی هاووڵاتییان بۆ ئەو دوو وڵاتە دەستی پێكردووە و لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا 18 هەزار هاووڵاتیی خەڵكی سووریە پەنایان بردۆتە بەر لوبنان.

هەر لەم پێوەندییەدا ژێنەراڵێكی پایەبەرز و 20 ئەفسەری ئەرتش پەنایان بردۆتە بەر توركیە، راگەیەنەكانی توركیە رایانگەیاندووە، هەتا ئێستا 22 ژێنەراڵە ئەرتشی سووریە رۆیشتوونەتە ئەو وڵاتە و لە دەسپێكی ناڕەزایەتییەكانەوە هەتا ئێستا 43 هەزار هاووڵاتیی خەڵكی سووریە بوونەتە پەنابەری توركیە.

لەناو پەنابەرانی خەڵكی سووریەدا كۆمەڵێكی بەرچاو لە نیزامییەكان بەرچاو دەكەون. هەواڵدەریی ئاڵمان بڵاوی كردۆتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك بە دژبەران پشت راستی كردۆتەوە هەتا ئێستا یەك لەسەر سێی نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە لە ئەرتش كشاونەتەوە و بە \"ئەرتشی ئازادی سووریە\" پەیوەست بوون.

قۆناغێكی تازە لە ئۆپەراسیۆنی دژبەرانی حكوومەتی سووریە
چاوەدێران لەو باوەڕە دان كە پڕ كارەساتبارترین رۆژی بزووتنەوەی ئیعترازی بەدژی حكوومەتی سووریە كەلە مانگی مارسی 2011ی زایینییەوە دەستی پێكردووە، رۆژی پێنجشەممە بووە. بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤ رێژەی قوربانیانی رۆژی پێنجشەممە 310 و رۆژی هەینیش هێندێ‌ سەراوە رایانگەیاندووە 145 كەس بووە و دژبەرانیش ئاشكرایان كردووە كە ئەو رێژەیە 268 كەس بووە.

\"ئەرتشی ئازادی سووریە\" حەفتەی پێشوو رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی \"ئازادكردنی دیمەشق\" بە هێرش بۆ سەر مەبەستی كۆتایی و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆن لە چەند گەڕەكێكی پایتەخت دەست پێكردووە. نائارامی و پشێوییەكانی پایتەخت بە هێرشی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر \"بینای دەبیرخانەی شۆرای ئەمنیەتی میللیی سووری\" چووە قۆناغێكی تازەوە. لەو هێرشەدا چەند لێپرسراوێكی باڵای حكوومەت وەك: وەزیری بەرگریی سووریە كوژران و بە وتەی راگەیەنە ناوچەییەكان \"هشام بەختیار\" لێپرسراوی پێشووی رێكخراوی ئەمنیەتیی سووریەش كە لەو رووداوەدا بریندار ببوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
\"5357.jpg\"
بەشێك لە ناوچە كوردنشینەكان لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە ئازاد كراون
بە وتەی سەرچاوە ناوچەییەكان و لێپرسراوانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردی سووریە، رۆژی پێنجشەممە و پاش هێرشی بەربڵاوی دیمەشق، چەندین حیزب و لایەنی كوردی بە هاوبەشی شارۆچكەی \"كووبانی\" لە پارێزگای \"حەڵەب\" و 400 گوندی دەورووبەریان ئازاد كردووە و لە رژانی دواتریشدا شارەكانی عەفرین، تێبەسپی و عاموود لە رۆژئاوای قیمشلوو گوندەكانی دەورووبەری بەبێ‌ هیچ بەرگرییەكی هێزە حكوومەتییەكان لەلایەن هێزە كوردییەكان و خەڵكی كوردەوە گیراون و ئەرتشی سووریە لەو ناوچانە پاشەكشەی كردوو و ئێستا لەژێر چاوەدێری و كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكان دان و لە داهاتوویەكی نزیكدا شاری \"دیرەك\"یش ئازاد بكرێت.

بە وتەی سەرچاوەك ناوچەییەكان چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو لە ئەنجامی هێرشێكی بەربڵاودا شاری قامیشلوو كە یەكێك لە شارە گەورە كوردییەكانی كوردستانی سووریەیە، ئازاد بكرێت.
\"5359.jpg\"
دەسپێكی هێرشی كۆتایی
فەرماندەی گرووپێك لە دژەبەران لە پارێزگای حومس بە \"ئێشپیگل ئانلاین\"ی وتووە، ئێمە هەتا ئێستا زیاتر گرینگیمان بە بەرگری كردن لە خۆمان ئەدا، بەڵام لەمەوبەدوا تاكتیكی خۆمان گۆڕیوە و دەست دەدەینە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە. دژەبەرانی حكوومەتی سووریە لەمێژە رایانگەیاندبوو كە بەمزوانە \"دەسپێكی هێرشی كۆتایی\" كاتی دەگات و هێرشی كۆتایی بۆ \"لەناوچوونی یەكجارەكیی حكوومەتی سووریە\"دەست پێدەكات.

بەپێی هەمان سەرچاوە، كاتی گۆڕانی ئەم تاكتیكە دەسپێكی مانگی رەمەزان دیاری كراوە. دژبەران دەڵێن: \"لەم مانگەدا دەورانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد كە زیاتر لە چوار دەیەیە بەسەر وڵاتی سووریەدا حكوومەت دەكەن، كۆتایی پێدیت\". حافز ئەسەد ساڵی 1971ی زایینی نزیك بە 30 ساڵ وەك سەركۆماری سووریە دەسەڵاتی كرد. دوای مەرگی ناوبراو كوڕەكەی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2000 جێگای گرتەوە.
\"5358.jpg\"
ئەرتشی سووریە لە بەرەبەری لێكهەڵوەشان
دژبەرانی حكوومەتی سووریە لەو باوەڕە دان بە لەبەرچاوگرتنی درێژەی تێكهەچوونەكان لە دیمەشق، هێرش بۆ سەر ناوەندە ئەمنیەتییەكان و جیابوونەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە ژێنەراڵ و ئەفسەر و سەربازەكان لە ئەرتش، بۆیە لێكهەڵوەشانی یەكجارەكیی ئەرتشی ئەو وڵاتە نزیك بۆتەوە.

هەواڵدەریی رۆیتێرز لەزاری سەرچاوە ناوچەییەكانی سووریەوە بڵاوی كردۆتەوە، پاش هێرش بۆ سەر ناوەندی ئەمنیەتیی سووریە و كۆكردنەوەی چەك و چۆڵی ئەو ناوەندە، بیناكەشییان ئاور تێبەرداوە.

لە رۆژانی رابردوودا دەنگۆی جۆراوجۆر لەمەڕ هەڵاتنی بەشار ئەسەد سەركۆماری ئەو وڵاتە لە دیمەشق و ئامادەیی بۆ كشانەوە لە دەسەڵات بڵاو كرایەوە، بەڵام لەلایەن لێپرسراوانی دەوڵەتەوە رەت كرایەوە.

جیابوونەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە نیزامییەكان و بەتایەت یەك ژێنەراڵ و 20 ئەفسەر لە ئەرتشی سووریە و هەڵاتنیان بۆ توركیە، ئەگەری لێكهەڵوەشانی ئەرتشی نزیك كردۆتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە رۆژ لە دوای رۆژ \"ئەرتشی ئازادی سووریە\" و لایەنە دژبەرەكانی دیكە وەك هێز و رێكخراوە كوردییەكان لە ناوچە كوردنشینەكانی ئەو وڵاتە باشتر و رێكوپێكتر خۆیان دەردەخەن.

هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە، شۆرای ئەمنیەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك بە كۆی دەنگ مەئموریەتی چاوەدێرانی نێودەوڵەتیی ئاشتیی ئەو رێكخراوەیان لە سووریە بۆ ماوەی سی رۆژی دیكە تازە كردەوە.

یەك رۆژ پێشتر بڕیارنامەی پێشنیاریی پێنج وڵاتی رۆژئاوایی مەبەستی زەخت و گوشاری زیاتر بۆ سەر حكوومەتی سووریە بە مەبەستی راگرتنی كوشتاری دژبەران بوو، بەهۆی ڤێتۆی نوێنەرانی دوو وڵاتی چین و رووسیە پەسند نەكرا.