بەردەوامیی شەڕ و كوشتار لە سووریە/رێككەوتنی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەقامگیریی دێمۆكراسی

14:05 - 8 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: لە حاڵێكدا شەڕ و كوشتار و توندوتیژی لە دیمەشق و شارەكانی دیكەی سووریە بەردەوامە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لە دانیشتنێكدا لە بێرلین لەسەر گەڵاڵەیەك بۆ داهاتووی سووریە رێك كەوتن.

ماڵپەڕی دۆیچەوێلە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، رۆژی سێشەممە 7ی خەرمانان بەشێك لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریە لە دانیشتنێكدا لە بێرلین پایتەختی ئاڵمان گەڵاڵەیەكیان خستەروو كە بۆ قۆناغی دوای رووخانی حكوومەتی ئێستای سووریە داڕێژراوە.

هەرچەند هەتا ئێستا وردەكارییەكانی ئەم گەڵاڵەیە باس نەكراوە، بەڵام بە وتەی وتەبێژێكی \"كۆمیتەی میلییی هەماهەنگی بۆ گۆڕانی دێمۆكراتیك\"، ئامانج لەو گەڵاڵەیە پێكهێنانی دەوڵەت نیە، بەڵكوو رێكارەكانی یارمەتیدەری سەقامگیر بوونی دەوڵەتێكی دێمۆكراتیكەلە سووریە كەلە داهاتوودا دێتە ئاراوە.

بەڕای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریە، هێشتا كاتی ئەوە نەهاتووە كە بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی كاتی مشتومڕ بكرێت، بەڵام لە داهاتوویەكی نێزیكدا ئەم مەسەلەیەش دێتە ئاراوە.

گیدۆ وێسترۆلە، وەزیری دەروەی ئاڵمان ئەو گەڵاڵەیەی ئۆپۆزیسۆنی سووریەی بە هەیوڵێكی ئەرێنی وەسف كردووە و جەختی كردۆتەوە كە لە ئەگەری دەست لەكار كێشانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، ئاڵمان پشتیوانیی تەواوی دەوڵەت تازەی سووریە دەكات.

ویلایەتە یەكگرتووەكان و فەرانسە لەم بارەوە بیروڕای جیاوازیان خستۆتە روو. فرانسوا ئۆلاند، سەركۆماری فەرانسە، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندووە، پاش نەمانی حكوومەتی ئێستای سووریە ئەگەر بێت و هەموو لایەن و گرووپە سیاسییەكان لە دەوڵەتی كاتیدا بەشدار بن، وڵاتەكەی پشتیوانیی لێدەكات و بە فەرمی دەیناسێت.

بەڵام لێپرسراوانی ئەمریكا لەو باوەڕە دان كە ئۆپۆزیسیینی سووریە بۆ ئەم كارە پەلە نەكەن و بە هێوشای و لەسەرەخۆیی بڕۆنە پێشەوە.
\"5864.jpg\"
تەقینەوەی بۆمب لە دیمەشق
هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی خستنەرووی گەڵاڵەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لە بێرلین، تەلەفیزیۆنی دەوڵەتیی سووریە بڵاوی كردەوە كە تەقینەوەی بۆمبێك لە نزیك شاری دیمەشق 12 كوژراوی لێكەوتۆتەوە و 48 كەسی دیكەش بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەكانی نزیك لە دژبەران ئەو تەقینەوەیە لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی چەند كەس لە لایەنگرانی بەشار ئەسەددا رووی داوە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ رووداوەكانی سووریە بەپێی راپۆرتێكی رۆژئامەی وال ئێستریت جۆرناڵ حكومەتی ئیسلامیی ئێران لە رۆژانی رابردوودا بە مەبەستی پێشگیری لە رووخانی حكوومەتی سووریە چەند فەرماندەیەكی سپای قودس و هێزێكی زۆری بەسیجی و سەربازی سادەی لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانەوە رەوانەی سووریە كردووە.