بەردەوامیی شەپۆلی ئێعدام‌ لە ئێراندا

14:41 - 11 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی ئێعدامەکان لە ئێراندا، لە زیندانی گەورەی تاران هەنووکە ٥٢ زیندانیی ژێر تەمەنی ٣٢ ساڵ چاوەڕوانی جێبەجێ‌کردنی حوکمی ئێعدامەکانیانن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە زیندانی گەورەی تاران بە ناوی \"فشافوویە\" لانیکەم ٥٢ لاوی ژێر تەمەنی ٣٢ ساڵ، چاوەڕوانی جێبەجێ‌کرانی حوکمی ئیعدامەکانیانن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە تیپی 1ی ئەو زیندانەدا، ٣٢ زیندانی و لە تیپی ٢ی هەمان زیندان ٢٠ زیندانیی دیکە حوکمی ئێعدامەکانیان پشت‌ڕاست کراوەتەوە.

سەرجەم لەو زیندانە ٥٢ زیندانیی ژێر تەمەنی ٣٢ ساڵ چاوەڕوانی جێبەجێ‌کردنی سزای ئێعدامن.

بە وتەی \"ناوی پیلای\" کۆمیسێرێکی پایەبەرزی بیاڤی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیی‌دا، لانیکەم لە ئێران ٥٠٠ کەس ئیعدام کراون و هەنووکە ١٦٠ کەس کە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی تاوان بوون، لە زیندانەکانی ئێراندا چاوەڕێی بەڕێوەچوونی سزای ئێعدامن.

ماوەیەک پێش لە نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌دا بڵاوکراوەتەوە، ئیران لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٥) ٩٩٧ کەسی ئێعدام کردووە کە بە نیسبەت ساڵ پێشوو (٧٤٣)، زیادی کردووە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە راپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە لەسەرەوە بوونی ئامارەکانی ئیعدام لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت.