بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەركردنی هاووڵاتییانی کورد لەشاری مەهاباد

14:05 - 13 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، هاووڵاتییەكەی خەڵکی ئەو شارەیان لەناو ماڵەكەیدا دەستبەسەر كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٢ی رەشەمە كەسێک بەناوی \"كاوە ئەمینی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا برایەکی ئەو هاووڵاتیەی دەستەبسەر کراوە، بە ناوی \"كامران ئەمینی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر كراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دوای دەستبەسەركردنی \"كامران ئەمینی\" بە بەردەوامی هەڕەشەشیان لە \"كاوە\" كردبوو، بۆ چەند جارێكیش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان كردبوو.

كامران ئەمینی، کە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢ی رێبەندان دەستبەسەر كرا، چەند رۆژ پێشتر هێزە ئیتلاعاتییەكان هەڕەشەی دەستبەسەركردنیان لە ئەو هاووڵاتییە کوردە كردبوو.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە دووكانی چاپ و كۆپی هەبووە و دەگوتریت لەكاتی دەستبەسەر كرانییەوە هەتا ئێستا بەبێ‌ئەوەی چارەنووسی روون بێت، لە زیندانی ورمێ‌دا راگیراوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش هاووڵاتییەكی دیكەی مەهابادی بەناوی \"دیاكۆ رەسووڵزادە\" تەمەن ٢٢ ساڵ، كوڕی ساڵح و خەڵكی ئاوایی \"دریاز\"‌ی ناوچەی شاروێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر كراوە.