بەردەوامیی سووتانی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان

17:35 - 12 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رووبەری سووتێندراوی رۆژی رابردووی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان کە لەلایەن \"پاسگای چنارە\"وە هاتە ئاراوە، ٥٠٠ هێکتاری تێپەڕاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوواڵدەریی کوردپا و بەوتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، هەنووکە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی \"چنارە \" و \"فەقی سێ \" بەردەوامە و هەتا ئێستا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی نەدراوە.

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند، هەر ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس لە ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە روویان لە چیا و گوندەکانی ئەو ناوچەیە کردووە کە زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار دارستانی لەناو بردووە.

هەروەها شەوی رابردووش ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هەتا کاتژمێر ١ی شەو سەرقاڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەو ناوچەیە بوون.

ئەنجومەنی سەوزی چیا کە یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی ئوستانی کوردستان ئەژمار دەکرێت کە ١٢ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن چالاکانی ژینگە پارێزی شاری مەریوانەوە دامەزرا.

ئەو ئەنجومەنە رۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان و هەروەها جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە نیوان هاووڵاتییاندا بووە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ٢ شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە.
\"14323.jpg\"