بەردەوامیی زەخت و گوشاری ئەمنیەتی بۆ سەر خوێندكارانی زانستگای سنە

14:41 - 10 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش لە دە رۆژ لە دەسپێكی كێشە و گرفتی خوێندكارانی زانستگای كوردستان لە سنە و بەڵێنیی لێپرسراوان، هێشتا گرفتەكان چارەسەر نەكراون و زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكان بۆ سەر خوێندكاران بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەلایەن لێپرسراوانی زانستگای كوردستان و حەراسەتی ئەو زانستگایەوە هەڕەشە و هۆشداری بە خوێندكارانی مانگرتوو دراوە كە ئەگەر بێت و كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكان نەهێنن، تەواوی ئەو كەسانەی كەلە مانگرتنەكە بەشداربوون و لەلایەن حەراسەتەوە وێنەیان هەڵگیراوە، بانگهێشت دەكرێن و هەڵسوكەوتی خراپیان لەگەڵ دەكرێت.

پێشتر پێنج خوێندكاری دیكە بە بیانووی رێكخەری مانگرتنی خوێندكاران بانگهێشتی حەراسەت كران و هەڕەشەی بێبەش كردن لە خوێندن و دەركرانی لە زانستگایان لێكرابوو.

مانگرتنی خوێندكارانی زانستگای كوردستان بەهۆی خراپیی وەزعی غەزا و بڕینی وادەی غەزای رۆژانی پێنجشەممە بووە، كە لێپرسراوانی زانستگا بە بیانووی كێشەی ئابووری و كەمیی بوودجە ئەو بڕیارەیان دابوو.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زانستگای كوردستانەوە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، ئێستا پاش دە رۆژ لە روودانی ئەو كێشەیە بەرپرسانی زانستگا رایانگەیاندووە كە بە دوو مەرج غەزای پێنجشەممە دەدەن، یەكەم دەبێ‌ خۆراكی \"كونسێرڤ ماسی\" یان جووجەی پێشوو بێت كە نرخی هەر پورسێكی دەبێتە ١٥٠٠ تمەن و دووەم نابێ‌ خوێندكارانی كوڕ و كچ لەناو حەوشەی زانستگا پێكەوە رابوەستن.

زیاتر لە ١٠٠٠خوێندكاری زانستگای كوردستان لە سنە بۆ ماوەی دوو رۆژ و رێكەوتەكانی ٣٠ی رەزبەر و ١ی خەزەڵوەر دەستیان دایە مانگرتن و بە وەزعی خراپی غەزا ناڕەزایەتییان دەربڕی.