بەردەوامیی زەخت و گوشاری هێزە ئینتزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد

14:29 - 4 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە دەستیان داوەتە كۆكردنەوەی بەربڵاوی ماهوارەی هاووڵاتییان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"حەسەناوا\"ی شاری سنە کۆمەڵێک دیش و دەزگای ماهوارەی هاووڵاتییانی گەڕەکی \"سپووراوا\"ی ئەو شارەیان زەوت کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئینتزامییەکان لە کاتێکدا هێرشیان بۆسەر ماڵی هاووڵاتییان کردووە کە زۆربەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لە خەودا بوون و ئەو کارەی هێزە ئینتزامییەکان ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

\"10851.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای حەسەناوا ماوە بە ماوە هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان دەست بەسەر دەزگا و دیشی ماهوراەکانیاندا دەگرن.

ماوەیەک پێش ئێستا شایەتحاڵێک لە شاری سنەوە رایانگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان پاش زەوت کردنی دەزگا و دیشی ماهوارەکان، بە نرخێکی کەم بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.

هەروەها ماوەی چەندین مانگە هێزە ئینتزامییەکان پاسگای دزڵی لە ناوچەی هەورامان، بەردەوام چوونەتە گوندی \"دەرەکێ\"ی سەربەو ناوچەیە و دەستیان بەسەر دەزگا و دیشی ماهوارەی هاوولاتییاندا گرتووە.