بەردەوامیی زەخت و گوشاری هیزە ئینتزامییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد

16:22 - 1 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی زەخت و گوشاریان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد لە شاری ماکۆ دەست پێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئینتزامییەکان هێرشیان کردۆتە سەرگوندەکانی ناوچەی \"چاڵدوران\"ی سەربە شاری ماکۆ و وێرای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان دەستیان بەسەر کۆمەڵێک شتومەکی وەک سیگار و پارچەدا گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو هێزانە لە ناوچەی چاڵدوران لە چەندین شوێن تەقەیان لە ماشێنی هاووڵاتییان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، کۆمەڵێک لە فەرهەنگیانی شاری ماکۆ لە نامەیەکدا کە بۆ دەفتەری \"وەڵی فەقێ\"یان ناردووە، خوازیاری کۆتایی هێنان بە کوشتنی هاوولاتییانی کورد بوون.